تاپۆی رەش چییە و ئایا كاری پێدەكرێت؟
964+
كوردستان ئەحمەد
تاپۆی رەش یەكێكە لە بەڵگەنامەكانی سەردەمی عوسمانیەكان كە بۆ زەوی كشتوكاڵی و باخ و شوێنە بازارگانیەكان و خانووەكان كراوە.
كاتێك عوسمانیەكان لە عێراق دەسەڵاتیان هەبووە، لە رێگەی نوێنەرێكی تایبەتەوە كە بەمەندوب ناودەبرا، سەرجەم زەویوزارەكانی لە عێراق كرد بە تاپۆ.
بەگوێرەی بەڵگەنامەکان، لە ساڵی 1937 بۆ یەكەمجار لە عێراق تاپۆكردن لەلایەن عوسمانیەكانەوە دەستیپێكرد، سەرەتا پێیان دەوت “قاقانی رەش” دواتر ناوەكەی گۆڕدرا بۆ تاپۆی رەش و بۆ سەرجەم جۆرەكانی زەویوزار بەكاردەهات.
تاپۆی رەش چییە؟
پارچە كاغەزێكی رەنگ رەشە بەهێز و پتەوە و بە خەتی سپی لەسەری نوسراوە، بە دارێكی بچوكەوە پێچراوە، زانیاری ورد و ژمارە و جۆر و شوێن و ناوی موڵكەكە و تەنانەت ناوی دراوسێ موڵكەكەی لەسەرە، بەمە دەڵێن تاپۆی رەش.
سەرجەم تاپۆ رەشەكان لە عێراق بەزمانی عەرەبی نوسراون، هەر پارچە زەوییەك كە تاپۆیەكی بۆ كراوە دوو نوسخەی ئەسڵی هەیە، یەكێكیان دەدرێت بە خاوەن موڵكەكە و یەكێكیشان مەندوبەكە لەگەڵ خۆی بردوویەتیەوە بۆ پایتەختی عوسمانیەكان لە توركیا.
ئەمەی خوارەوە نمونەی تاپۆیەكی رەشە لە عێراق كە هاوڵاتیەك لە سلێمانی لە ساڵی 1937 بەناوی حاجی شێخ ئەحمەد لە چەند موڵكێكی لە چوار هاوڵاتی جووی كڕیوەتەوە بە ناوەكانی (بنیامین و بارۆخ و ئیسماعیل و یوسف)، لەسەر تاپۆكان نوسراوە ئەم موڵكە كرا بەناوی حاجیەوە.
لە تاپۆكەدا بە هێڵی سپی شوێنی موڵكەكە و جۆری موڵكەكە و كاتی فرۆشتنی نوسراوە، هەروەها پولێكی پێوەیە، كە لە سەردەمی عوسمانیەكاندا بۆ بابەتەكانی پەیوەست بە موڵكدارییەوە لە تاپۆكان دراو.
ئێستا لە عێراق كار بە تاپۆی رەش دەكرێت؟
وێنەیەك لە تاپۆ رەشەكان لە بەڕێوەبەرایەتی خانوبەرە لە بەغدا ماوە، بەڵام لە عێراق بە هیچ شێوەیەك كاری پێناكرێت و لە ساڵەكانی 1950ـەوە بە فەرمانێكی كارگێڕی سەرجەم تاپۆ رەشەكان گۆڕدران بۆ “تۆماری هەمیشەیی خانوبەرە” ئەمە لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێكراوە.
لە دوای ساڵی 2003ـەوە لە عێراق دوو جۆر تۆماری خانوبەرە هەیە، یەكێكیان پێی دەوترێت تۆماری هەمیشەیی خانوبەرە یەكێكی دیكەیان پێیدەوترێت تۆماری كاتیی خانوبەرە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كار بە تۆماری كاتیی خانوبەرە ناكرێت، لەبەرئەوەی گرفتی بۆ گۆڕینی شوناسی زەوییەكان دروستكردووە لە باوانەوە بۆ وەچەكان و لە وەچەكانەوە بۆ كڕیار.
ئێستا بەشێك لە تاپۆ رەشەكان لە عێراق ماون، بەڵام زۆربەیان بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی عێراق لەناوچوون، هەندێك لە هاوڵاتیانیش لە ماڵی خۆیان تاپۆ رەشەكەیان هەڵگرتووە و پاراستویانە.