گیانلەدەستدان بە رووداوەکەی هیندستان گەیشتە 288 کەس

964+
ئەحمەد عەبدوڵا

دوێنێ هەینی لە هیندستان شەمەندەفەرێکی گواستنەوەی هاوڵاتیان بە خێراییەکی زۆر خۆی کێشا بە دوو شەمەندەفەری دیکە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 280 کەس و برینداربوونی نزیکەی هەزار کەس.

ژمارەی گیانلەدەستدانی رووداوەکە روو لە زیادبوونە بەهۆی سەختی برینەکانیان.

رووداوەکە لە شاری بالاسۆری، پارێزگای ئۆدیشای رۆژهەڵاتی وڵاتەکە روویداوە، هۆکارەکە ئەوە بووە شەمەندەفەرەکە لە رێڕەوی خۆی لایداوە.

پرامیلا مالیک، وەزیری رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی هیندستان رایگەیاندووە، رووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 280 کەس و برینداربوونی نزیکەی هەزار کەس، تا ئێستاش زیانەکان بە تەواوی روون نەبوونەتەوە.

بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، “ئەمە گەورەترین رووداوی بەریەککەوتنی شەمەندەفەرە لە مێژووی هیندستاندا”.

رۆژانە نزیکەی 13 ملیۆن کەس لە هیندستان شەمەندەفەر بەکاردەهێنن وەک هۆکاری گواستنەوەیان.

هیندستان کە ئێستا خاوەن زۆرترین رێژەی دانیشتووانە لە جیهان، حکومەتەکەی تا ساڵی 2030 بە بڕی 7.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لە تۆڕی شەمەندەفەرەکانی.

تۆڕی بەیەکبەستراوی شەمەندەفەری هیندستان، چوارەم گەورەترین تۆڕە لە سەرتاسەری جیهان کە زیاتر لە 67 هەزار کیلۆمەتر درێژە.

رووداوێکی هاوشێوە لە ساڵی 2005 روویدا کاتێک شەمەندەفەرێک لە رێڕەوی خۆی لایدا لە پارێزگای ئەندرا پادیشی باشووری هیندستان و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس.