سۆراغ؛ سلێمانی بایکۆتی سەیرانگای دوکانی کرد
964+
دیلان محەمەد جەزا
بە سۆراغی 964، ئەمڕۆ هەینی سەیرانگای دوکان کەمتر گەشتیاری بەخۆیەوە بینیوە تاوەکو هەفتەکانی رابردوو، بەشێکی زۆر لە هۆکارەکەی بۆ کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دەگەڕێتەوە.
سەیرانگای دوکان شوێنێکی گەشتیاریی ناسراوی پارێزگای سلێمانیە، بە تایبەتی لە رۆژانی هەینی سەردانکەرێکی زۆر رووی تێدەکەن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە هاتوچۆی قەزای دوکانەوە دەست 964 کەوتوون، ئەمڕۆ رێژەی سەردانی گەشتیار بۆ سەیرانگای دوکان کەمتربووە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، “رێژەکە بۆ نیوە و کەمتریش دابەزیوە”.
سەیوان عومەر گەشتیارێکە و ئەمڕۆ سەردانی سەیرانگای دوکانی کردووە، بە 964ـی وت، “لە ترسی کامێراکانی هاتوچۆ، بە ناچاری لە رێگەی مێرگەپانەوە چووین بۆ سەیرانگای دوکان، ئەو رێگەیەش زۆری چاڵ و چۆڵی تیایە”.
مامۆستا کاروان بەڕێوەبەری یەکێک لە سەیرانگا گەشتیارییەکانی دوکانە و بۆ 964ـی باسکرد، هەفتەی رابردوو 60 کەپریان هەبووە لەگەڵ 30 باخدا، هیچ کامیان چۆڵ نەبووە، بەڵام ئەم هەفتەیە تەنیا 30 کەپریان گەشتیاری تێدایە.
ژمارەی کەپرە گیراوەکان بۆ نیوە کەمبووەتەوە
ئەو چۆڵی سەیرانگای دوکانی بۆ کەوتنەکاری کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ گەڕاندەوە.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، 964 پەیوەندی کرد بە رێژین رەوف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوکان، ئەو وتی، ئەم هەفتەیە رێژەی گەشتیار کەمیکردووە لە سەیرانگای دوکان، بەڵام هیچ ئامارێکی سەردانیکەران لە بەردەستدا نییە.
بە بۆچوونی ئەو، بەشێک لە هۆکاری کەمی گەشتیار دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی کە لە سبەینێ شەممەوە دەستپێدەکات، بەوەی خێزانەکان لەبەر قوتابییەکانیان گەشت ناکەن.
لە کاتژمێر 8:00ی سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە، 29.5.2023، بە بڕیاری ھاتوچۆی سلێمانی، 24 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگای تاسڵوجە بۆ دوکان کەوتنە کار.
ئەمڕۆ پێنج رۆژە کامێرای خاڵ بۆ خاڵ کاردەکات
964 دەزانێت، لە ھەر سایدێکی شەقامەکە 12 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ جێگیرکراون، شۆفێر بۆ ئەوەی غەرامە نەکرێت نابێت خێرایی رۆیشتنی ئۆتۆمبێلەکەی زیاتر بێت لە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
بەگوێرەی سیستمی خاڵ بۆ خاڵ، لە نێوان 70 بۆ 250 ھەزار دینار سزای سەرپێچییەکانە، ئەوەش کەوتووەتەوە سەر خێرایی ئۆتۆمبێلەکە.
ھاتوچۆی سلێمانی لەکاتی بوونی ھەر مامەڵەیەک بڕە پارەکە لە شۆفێری سەرپێچیکار وەردەگرێت ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەی تۆمار و رەقەم بوو، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی بێ تابلۆ و بێ سەرەتان بە وەسڵێک سەرپێچییەکەیان لەسەر ھەژماردەکات.