دەستەبەسەرداگرتنی ٦٠٠ چەک

ئاسایشی سلێمانی: قاچاخچێتییەکی گەورەی چەکمان پووچەڵ کردەوە

+964

ئاسایشی سلێمانی دەستی بەسەر ٦٠٠ پارچە چەکی جۆری کڵاشینکۆف و دەمانچە و زیاتر لە پێنج هەزار فیشەک دەگرێت.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێ؛ پێنجشەممەی رابردوو ٢٤ـی ئەم مانگە لە بازگەی سلێمانی عەربەت گومانلێکراوێک لەکاتی لێپێچینەوە و جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی بەرانبەری خاڵی پشکنین بە ئۆتۆمبێلەکەی دەبەزێنێت، بەڵام دواتر ئۆتۆمبێلەکەی لە رێڕەو دەردەچێت و وەردەگەڕێت.

لە بەیاننامەیەکدا کە شەوی رابردوو بڵاوکراوەتەوەو کۆپی دەست +964 کەوتووە، ئاسایشی سلێمانی دەڵێ؛ تیمەکانمان دەچنە سەر ئۆتۆمبێلەکەو هەڵاتووەکە دەستگیر دەکەن و، ٢٥٠ دەمانچە لە بارەکەیدا دەدۆزرێتەوە.

“”دوای رەزامەندی دادوەر لەسەر ئەم کەیسە، دەستکرا بە لێکۆڵینەوەی ورد، ئەو کەسە زانیاری زیاتری ئاشکراکرد کە لە کۆگایەکی نھێنی سەدان چەک و ھەزاران فیشەک و پێویستی و پارچەی یەدەگی چەکی تێدا حەشاردراوە”. ئاسایش لە بەیاننامەکەی وادەڵێ، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئۆپراسیۆنیان بە ھاوکاریی ھێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە ناحیەی تەکییەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کردووە بۆ سەر کێڵگەیەکی ئاژەڵداری، بارێکی تری چەکی ھەمان قاچاخچی دەستی بەسەرداگیرا، کە پێکھاتبوو لە زیاتر لە ٣٠٠ کڵاشینکۆف و دەمانچە ، هەروەها پێنج ھەزار فیشەک و دەیان جۆری دیکە لە پێویستی و پارچەی یەدەگی چەک، کە ئامادەکرا بوو بە قاچاخ مامەڵەی پێوە بکرێت.

زیاتر هاتووە، ئێستا کەیسەکە لە بەردەم دادگایە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی پێویست.