درۆنەکەی گردەگۆزینە لە ترسی فیشەک هاتە خوارەوە

964+

هونەر فارس- گردەگۆزینە

ئەمڕۆ 1.2.2023 لە کاتی رووپێویکردنی بەشێک لە گەڕەکەکانی ناحیەی گردەگۆزینەی سەر بە قەزای کەلار، دوو فیشەک تەقێنرا و دیار نیە بە درۆنەکەوە نراوە یاخود نا.

روپێویکردنەکە لەلایەن کۆمپانیای (ئێرماپ)، لە رێگەی درۆنەوە بە شێوەی ئاسمانی بۆ 11 كیلۆمه‌تر زەوی سنوری شارەوانی گردەگۆزینە ئەنجامدراوە.

964 زانیویەتی، کاتی سوڕانەوەی درۆنەکە بەسەر ماڵەکاندا هاوڵاتیان گومانیان لە درۆنەکە هەبووە و پرسیویانە ئاخۆ ئەم درۆنە بۆچی دەسوڕێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە سەردانی شارەوانیان کردوە و پێیان راگەیەندراوە کە درۆنی رووپێویە.

کەمال عەبدولقادر سەرۆکی شارەوانی گردەگۆزینە، بە 964ـی راگەیاند، کاتی سوڕانەوەی درۆنەکە دوو فیشەک تەقێندرا، دیاریش نیە ئاخۆ بە درۆنەکەوە نراوە یاخود نا.

رووپێویکردنی ئەو زەویانە بە مەبەستی تاپۆکردن بووە، سەرۆکی شارەوانی ناحیەکەش جەختی کردەوە کە هیچ هاوڵاتیەکی ناحیەیەکە لە تاپۆکردنی زەویەکانی ناڕازی نیە.

وتیشی “دوای تەقاندنی فیشەکەکان، کارمەندەکان درۆنەکەیان داگرتوە بۆ ئەوەی زیانی پێنەگات”.

ناحیەی گردەگۆزینە، بە دووری پێنج کیلۆمەتر دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای قەزای کەلارەوە و لە 2500 ماڵ پێکدێت، سەرجەم زەویەکانی ناحیەکە تاپۆ نین، شارەوانی گەرمیانیش گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە بۆ ئەوەی رووپێوی بۆ ناحیەکە بکرێت و دەست بە رێکارەکانی تاپۆکردن بکرێت.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن