فێرگەی "پاوان کڵەب" بۆ راهێنانی ئەسپسواری. فۆتۆ: 964+
ئێستا دەتوانیت لە کەلار خۆت فێری ئەسپسواری بکەیت
+964
هونەر فارس – گەرمیان
فێرگەیەک لە کەلار بۆ ئارەزوومەندانی ئەسپسواری کراوەتەوە و کچان و کوڕان دەتوانن ئێواران بچن خۆیانی لێ فێربکەن.
فێرگەکە ناوی “پاوان کڵەب”ەو دەکەوێتە نزیک ناوچەی پیشەسازی کەلارەوە، ئێستا پێنج ئەسپ لەخۆدەگرێت و پلان بۆ زیادکردنی ئەسپەکان هەیە لە داهاتوودا.
بە هۆی گەرمای هاوینەوە، ئێستا فێرخوازان لە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەوە سەردانی فێرگەکە دەکەن و لەلایەن خاوەنی فێرگەکەوە فێری ئەسپسواری دەکرێن.
حوسێن فەتاح خاوەنی فێرگەکەیە، ئەو لە بارەی ئارەزووی فێرخوازانەوە بە 964ـی وت، “ماوەیەکی کەمە کردوومانەتەوە، هاوڵاتییان زۆریان حەز لێیە و لە هەردوو رەگەز بەردەوام تەلەفونمان بۆ دەکەن و داوای ناونیشانمان لێدەکەن”.
فێرگەکە لە گەرمیاندا یەکەم دانەیە بە فەرمی خولی فێربوون بۆ ئارەزوومەندانی ئەسپسواری بکاتەوە.
فێرخواز بۆ هەر کاتژمێرێک ئەسپسواری، بڕی 10 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، حوسێن فەتاح خاوەنی فێرگەی “پاوان کلەب” وای وت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر