دەرچووە یەکەمەکانی خانەقین خۆپیشاندانیان کرد

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

ژمارەیەک لە دەرچووە یەکەمەکانی خانەقین لە بەردەم کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکانی خانەقین خۆپیشاندانیان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 30.5.2023 ژمارەیەک لە دەرچووە یەکەمەکانی کۆلێژی خانەقینی سەر بە زانکۆی گەرمیان خۆپیشاندانیان کرد بەرامبەر بەو بڕیارەی بەغدا کە زانکۆی گەرمیانی بە باوەڕپێنەکراو پۆڵێن کردووە و دەرەنجامی ئەوەش لە دامەزراندن بێ بەش دەکرێن.

محەمەد یوسف یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەیە بە 964ی وت، ماوەی پێنج ساڵە حکومەتی هەرێم دامەزراندنی یەکەمەکانی کۆلێژ و پەیمانگاکانی نەکردووە و ئێستا حکومەتی ناوەند بڕیاری دامەزراندنی یەکەمەکانی ئەو زانکۆ و پەیمانگانەی ناوچە دابڕاوەکانی داوە، بەڵام ئەم بڕیارە ئەوان ناگرێتەوە چونکە کۆلێژەکەیان سەربە زانکۆی گەرمیانە کە ئەویش باوەڕپێکراو نییە.

جێگای سەرنجە سەرۆکایەتی زانکۆی گەرمیان ماوەی نۆ ساڵە نەیتوانیوە مامەڵەی باوەڕپێکردن بە زانکۆکەیان تەواو بکەن بەهۆی ئەوەی سێ لە کۆلێژەکانیان دەکەوێتە شاری خانەقین کە ناوچەیەکی جێناکۆکە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمو حکەمەتی عێراق.