تەندروستی سلێمانی سکاڵا لەسەر بانکی هەرێم تۆمار دەکات

964+

توانا نەقی

تەندروستی سلێمانی نەمانی دەرمان و خەرجنەکردنی ئەو پارەیەی بۆ تەندروستی تەرخانکراوە دەخاتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم لە سلێمانی.

د. هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، لە ماوەی شەش مانگدا لە کۆی 30 ملیار دینار کە پێویست بوو بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم لە سلێمانی بۆ تەندروستی خەرجی بکات تەنیا پێنج ملیار دینار کە خەرجی مانگێکە خەرجکردووە.

دەشڵێت، نەمانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ئەگەر ببێتە هۆی ئافات و گیان لەدەستدانی نەخۆش، ئۆباڵەکەی ئەخەنە ئەستۆی بانکی هەرێم لە سلێمانی و وەک تەندروستی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکەن.

هێرش سەلیم ئاماژەی بەوەشکردووە، نەیان زانیوە تەنانەت جیاوازی لە نێوان تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاردا بکن کە هاوشێوەی ئەوان پارەیان بۆ دابینکراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجومەنی وەزیران لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە پابەندی دابینکردنی پارەی پێویستی خستووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی بانکی هەرێم و بانکەکانی سلێمانی.