وەزارەتی پێشمەرگە: لەگەڵ سوپای عێراق 10 ناوچەمان لە داعش پاكکردەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەگەڵ دژەتیرۆر CTG، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان بۆ کێوماڵکردنی بۆشایی ئەمنی نێوانیان، لە سنووری قەزاکانی ئیدارەی گەرمیان، خانەقین و خورماتوو ئەنجام دا.

وەزارەتی پێشمەرگە  شەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە لە دژی چەکدارانی داعش ئەنجامدراوە و بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە.

ناوچەیەکی فراوان لە سنووری گەرمیان و خانەقین وەک، زینانە، خوارووی کفری، قۆری چای، کانی شرینکە، غەڕە، پەڵکانە، قەرەبڵاغ، دوانزە ئیمام، کوڵەجۆ تا نزیک قەڵا، بە وردی کێوماڵ کران، وەزارەتی پێشمەرگە وا دەڵێت.

لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، لیواکانی پیادەی سێ، پێنج، 16، 17 و 22ی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوای 731ی هێزەکانی 70 و ئاسایشی گەرمیان و هێزێکی دژەتیرۆر بەشداربوون.

ئۆپەراسیۆنەکە 11 کاتژمێری خایاندووە و لە کاتژمێر 5:00ـی بەیانی دەستیپێکردووە و لە کاتژمێر 3:00ـی پاش نیوەڕۆ کۆتایی هاتووە.