زالو؛ چارەسەرێکی خێرای سروشتی

964+
هونەر فارس

نەخۆشییەکەی تێپەڕاندووە و بۆ سوپاسکردن روو لە سەنتەرێکی چارەسەری سروشتی دەکات.

کۆچەر عومەری تەمەن 36 ساڵ، پێشتر بەهۆی گیرانی سەمامەی دڵیەوە بە وتەی خۆی شەو تا بەیانی لەتاو ئازار و بێتاقەتی خەوی لێ نەکەوتووە، بەڵام دوای بەکارهێنانی زالو و چارەسەری سروشتی، تەندروستی باش بووەتەوە و ئێستا بە ئیسراحەت دەخەوێت.

هێمن و لیمۆ، دوو هاوسەری دانیشتوی ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلارن، بە قسەی خۆیان چەندین بڕوانامەیان لە چارەسەری سروشتی هەیە و ماوەی چەند ساڵێکە سەنتەرێکیان لە ناحیەکەیان کردووەتەوە و نەخۆشەکان بە مەبەستی بەکارهێنانی زالو و چارەسەری سروشتی روویان تێدەکەن.

لیمۆ بۆ ژنان و هێمنی هاوسەریشی زالو بۆ پیاوان بەکاردەهێنێت.

زالو، کرمێکی رەشتاڵەی درێژی سێ دەمە، دەمێکی بەنج و دەمێکی لیکەڕژێن و بە دەمێکی تریشی خوێن دەمژێت.

بە وتەی شارەزایان، مێژووی بەکارهێنانی بۆ سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەو کەسانەشی کە گیرۆدەی زیپکەی رووخسار و گیرانی دەمار و شەقیقە و سەوەفان و چەند نەخۆشیەکی دیکەن، سوودی لێدەبینن.