باران تەنیا لە دهۆک زیانی هەبوو
هەولێرو سلێمانی و کەرکوک بە سەلامەتی لێی دەرچوون
+964
كوردستان ئەحمەد
بارانبارینەکەی ٤٨ کاتژمێری رابردوو، تەنیا لە دهۆک زیانی گەیاندووە بە چەند ماڵێک، ئەگەرچی لە شارەکانی دیکەش پەنگ خواردنەوەی ئاو هەبووە بەڵام زیانی نەبووە.
بەپێی بەداواچوونێکی +964، بەهۆی بارانبارینەکەی ٤٨ کاتژمێری رابردوو، لە هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و دهۆک لە چەند شوێنێکی جیاواز، ئاو پەنگی خواردووەتەوە بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
سینان سەلام، وتەبێژی بەرگری شارستانی كەركوك بە +964ـی راگەیاند؛ بارانبارینەکەی ئەمجارە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، بەڵام ١٥ حالەتی بەدەمەوەچوونی هاوڵاتیان هەبووە.
زیاتر وتی “ئاو نەچووەتە هیچ ماڵێك، تەنیا مۆڵێك نەبێت”.
لای خۆیەوە سەرکەوت کاڕەش، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە +964ـی وت “بارانبارین هیچ زیانێكی بە ماڵان و هاوڵاتیان نەگەیاندووە، تیمەكانیش توانیویانە لەهەر شوێنێك ئاو كۆببێتەوە چارەسەری بكەن و رێگری بكەن لە گردبوونەوەی ئاو”.
هاوکات ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە +964ـی راگەیاند؛ بارانبارین هیچ زیانێكی گیانیان نەبووە و ئاو نەچوەتە هیچ ماڵێكەوە، تەنیا لەچەند شوێنێك نەبێت کە ئاو كۆبووەتەوەو توانراوە لە كەمترین كاتدا چارەسەر بكرێت.
بەڵام لە دهۆک، بەهۆی بارانبارینەوە زیان بە ژمارەیەک ماڵ گەیشتووە.
بێوار عەبدولعەزیز، وتەبێژی بەرگری شارسانی دهۆك بە +964ـی راگەیاند؛ بەهۆی بارانبارین و كۆبوونەوەی ئاوەوە، هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، بەڵام “ئاو چووەتە ١٢ ماڵ و دوكان، هەروەها زیان بە پێنج ئۆتۆمبێلیش گەیشتووە”.