داوای نۆژەنکردنەوەی گوڕستانی میرانی بادینان دەکرێت

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

بەشێک لە خەڵکی ئامێدی داوای نۆژەنکردنەوەی گۆڕستانی میرانی بادینان دەکەن کە مێژووەکەی بۆ 500 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

گۆڕستانی میر و سوڵتانی بادینان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1576، تێیدا گۆڕی میرانی میرنیشی بادینانی تێدایە.

ئەو گۆڕستانە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری ئامێدی کە پایتەختی میرنشینی بادینان بووە و ئێستا قەزایەکە سەر بە پارێزگای دهۆک.

هەیوار ئیحسان، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئامێدی بە 964ـی وت، ساڵی 2012 نۆژەن کراوەتەوە و سیاجێکیشی بۆ دروستکراوە و خاوێنیش کراوەتەوە، بەڵام دوای 11 ساڵ دووبارە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

“بەداخەوە هەندێک گەشتیار لەکاتی سەرەدانیان بۆ گۆڕستانەکە نووسینان لەسەر دیوارەکان نووسیوە، ئەمەش سیاجی دیوارەکەی پیس کردووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە”. هەیوار ئیحسان وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە بەشێک لە خەڵکی ئامێدی داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی.

زیاتر وتی “بەپێی زانیاریەکانم رێکخراوی یونیسکۆ بڕیاری نۆژەنکردنەوەیان داوە، بەڵام تا ئێستا دەستیان پێ نەکردووە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق