ژمارەیان چوار هەزار و 248 کەسە

نزیکەی هەزار خێزانی ئاوارە لە سلێمانییەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

نزیکەی یەک هەزار خێزانی ئاوارە کە لە کەمپەکانی پارێزگای سلێمانی نیشتەجێبوون، گەڕانەوە زێدی خۆیان.

ئاوارەکان بەخواستی خۆیان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا گەڕاونەتەوە و ژمارەیان 989 خێزان بووە.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کە ئەمڕۆ هەینی لە فەیسبوکی خۆیان بڵاوکراوەتەوە، خێزانە ئاوارەکان خەڵکی پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدینن و ژمارەیان چوار هەزار و 248 کەسە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەڵێت، گەڕانەوەی ئەو خێزانانە دوای ئەوە دێت کە تیمێکی وەزارەت دەستیان بە هەڵمەتی هۆشیاریی کردوە بۆ رازیکردنی ئاوارەکان بۆ شوێنی رەسەنی خۆیان.

لە هەرێمی کوردستان 38 کەمپی ئاوارە هەن، لەو کەمپانە 37 هەزار کەس دەژین و وەزارەتی کۆچی عێراق دەلێت، تا کۆتایی ساڵی 2023، دەبێت سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و کەمپەکان دادەخرێن.