رێگاكەیان پڕە لە قۆرت و چاڵ
تەكیە و شیرەمەڕ و بانیشار و عامورە داوای جادە دەكەن
+964
كوردستان ئەحمەد
گوندەكانی تەكیە و شیرەمەڕ و بانیشار داوای نۆژەنكردنەوەی جادەی گوندەكانیان دەكەن و شارەوانیش دەڵێت پارەیان نییە.
گوندەكانی تەكیە و شیرەمەڕ و بانیشار دەكەونە بناری شاخی سورێن لە نزیك ناحیەی خورماڵ، گوندەكان رێگەیەكی یەك ئاراستەیان هەیە، لەسەرەتای دروستكردنیەوە تا ئێستا نۆژەن نەكراوەتەوە.
لە سەرەتای گوندی تەكیە تا دەگاتە كۆتا گوند كە بانیشارە، جادەكە پانزە كیلۆمەترە، قۆرت و چاڵ و رەگلەی زۆری هەیە، لە هەندێك شوێن دەبێت شۆفێرێك ئۆتۆمبێلەكەی رابگرێت پاشان ئۆتۆمبێلەكەی تر بڕوات لەبەر قۆرت و چاڵ و چۆڵی.
عەلی ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی گوندی شیرەمەڕە، بە 964ی وت، لەگەڵ ئەنجومەنی گوندەكانی تەكیە، بانیشار، شیرەمەڕ، عامورە كۆبونەتەوە یاداشتێكیان بەناوی گوندەكانەوە داوەتە شارەوانی هەڵەبجە لە بەشی رێگەوبان داوای نۆژەنكردنەوەیان كردووە.
گوندەكان لە رووی ئیدارییەوە سەر بە شارەوانی ناحیەی خورماڵن، بەڵام لە رووی رێگەوبانەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبانی هەڵەبجەن.
سەید حەکیم سەید نەجیب هانەسوورەیی، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بە 964ی وت، دەرخستەمان بۆ رێگەكانی هەژدە گوند كردووە، بەڵام پارەمان نییە
دانیشتوانی ئەو چوار گوندە، بەكاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداریەوە سەرقاڵن و نزیكەی 150 بۆ 200 ماڵ دەبن لە هەر چوار گوندەكە.