ژیار هۆمەر: پڕۆژەکە گەورەترە
پێنج شیعری بەختیار عەلی بە زمانی ئیسپانی بڵاودەبنەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بۆ یەکەمجار پێنج دەقی شیعریی نووسەر و رۆماننووس بەختیار عەلی بە زمانی ئیسپانی بڵاودەبنەوە، بە وتەی وەرگێڕەکەی، پڕۆژەکە گەورەترە.
شیعرەکان لە گۆڤاری سییرکولۆ دێ پۆیێسییا (Círculo de Poesía)ی وڵاتی مەکسیک بڵاوکراونەتەوە.
هەریەکە لە شیعرەکانی “شاعیرەکان دەچن بۆ جەهەنەم، تەنهایی، من وەک نابینایەک، رەشترین شیعری دونیا و ئەم شارەم لە بیر نییە” لە دیوانی ئەی بەندەری دۆست ئەی کەشتی دوژمنی نووسەرەوە وەرگێڕدراون.
ژیار هۆمەری وەرگێڕ بە 964ی وت، “پڕۆژەکە گەورەترە و کارکردنە بۆ بڵاوکردنەوەی بەرهەمی شاعیر و نووسەرانی کورد بە زمانی ئیسپانی و تا ئێستا 200 شیعری کوردیمان لە 17 وڵاتی ئەمریکای لاتین بڵاوکردووەتەوە”.
بەختیار عەلی، یەکێک لە دیارترین نووسەرەکانی کوردە. 11 رۆمان و پێنج دیوانی شیعر و نزیکەی 20 کتێبی فیکری نووسیوە. چەند رۆمانێکی بە هەریەکە لە زمانەکانی ئەڵمانی، ئیتاڵی، ئینگلیزی، فارسی و عەرەبی بڵاوکراونەتەوە.