رێكخراوەكان رادەهێندرێن چۆن پاڵپشتی دارایی جیهانی بەدەستبهێنن

+964

كوردستان ئەحمەد

كونسوڵخانەی ئەمریكا خولێكی راهێنان و چۆنیەتی بەدەستهێنانی پشتیوانی ئابووری بۆ رێكخراوە ناوخۆییەكانی دهۆك كردەوە.

خولەكە بۆ سەرجەم رێكخراوە حكومی و ناحكومی و حزبیەكانی دەڤەری دهۆك بوو، لەلایەن چەند پسپۆڕێكی رێكخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە وترایەوە، تێیدا باس لە چۆنیەتی وەرگرتنی زانیاری کرا لەسەر بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی نێودەوڵەتی.

لە سیمینارەكەدا باس لە چۆنیەتی نووسینی پڕۆپۆزڵ و پڕۆژەی ستاندار کرا لە ئاستی جیهان و شێوازی نووسینی پڕۆتۆكۆڵ و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری لە بەرزكردنەوەی كێرڤی رێخراوەكاندا كراوە.

كونسوڵخانەی ئەمریكا، لە بارەی راهێنانەكەوە نووسیویەتی “چەندین بەستەری جیهانیمان خستووەتە بەردەم رێكخراوەكان كە چۆن بتوانن لە فەندە جیهانیەكان سوود ببینن و ئەمریكاش دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە بەرەوپێشچوون و بە هێزبوونی توانای رێكخراوەی لە كوردستاندا”.

لە خولەكەدا 18 رێكخراوی ناوخۆی و حكومی و حزبی و ناحكومی بەشداربوون، بە داتاشۆ وردەكاریی تەواوی زانیارییەكان خرایەڕوو كە چۆن بتوانن پشتیوانی دارایی ناوخۆیی و جیهانی بەدەستبهێنن.

بەپێی ئامارێكی نافەرمی، ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵانە بە بەهای زیاتر لە 30 ملیۆن دۆلار هاوكاری پڕۆژەی رێكخراوە سەربەخۆ و مەدەنییەكان دەكات لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی گشتی و خێرخوازی و رۆشنگەریدا.