30 کاتژمێر راهێنان وەردەگرن
ستراتیژی نوێی راهێنان بۆ مامۆستایان پەیڕەودەکرێت
964+
توانا نەقی
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ستراتیژێکی نوێ بۆ راهێنانی مامۆستایان لە ساڵی نوێوە پەیڕەو دەکات و دەڵیت ستراتیژەکە پچر پچر نابێت و گشتگیر دەبێت.
ستراتیژەکە بە پلان دانراوە و درێژخایەنە و بۆ ماوەی حەوت ساڵ دەبێت بە قسەی وەزارەت دادپەروارانەیە بۆ هەموو مامۆستایان و تەنیا راهێنان نییە بەڵکو بەدواداچوونیشە لەسەر ئەو راهێنانانەی کردوویانە.
راهێنانەکان لەسەر ئەو میتۆدە نوێیانەیە کە وانەیان لەسەر دەوترێتەوە لە ساڵیکدا هەر مامۆستایەک نزیکەی 30 کاتژمێر راهێنان وەردەگرێت، دواتریش هەڵسەنگاندن دەکرێت و لەسەر کارامەیی قوتابیان و خوێندکاران پێوەری بۆ دادانرێت.
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، “ئەو پرۆژە ستراتیژییە خزمەتی کۆمەڵگە دەکات، ئەو میتۆدە کلاسیکیە کە ئێستا وانەی بە منداڵەکانمان پێ دەوترێتەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئەو میتۆدانەی کە کار لەسەر فێربوونی بەرجەستە و تیۆری مەعریفی دەکەن”.
راهێنانەکان بە شێوازێکە، مامۆستای راهێنەر 40 کاتژمێر راهێنانی لە یەک بوار وەرگرتووە و زیاتر لە 40 کاتژمێر دیکەش ئەرکی رۆژانەیان بە جێگەیاندووە، دواتر دەچنەوە خوێندنگەکان و هەفتەی یەک بەشەوانە راهێنان بە مامۆستایان دەکەن.
وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، دڵنیان چەند ساڵێکی تر هەستدەکەن منداڵاکانیان لە قوتابخانە حکومیەکان بە جۆرێکی جیاوزتر وانە دەخوێنن، ئاستی کارامەیی مامۆستا و لە ئێستا زۆر جیاوازتر دەبێت، بۆیە کەمێک کاتیان دەوێت بۆ ئەو وەرچەرخانە گەوەریە.