پاوەربانک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق قەدەغەکرا

964+
کاروان ساڵحی

دوای ئەوەی پاوەربانكێك لە فڕۆكەخانەی بەغدا تەقییەوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی هێنان و بردنی پاوەربانكی لە سەرجەم فڕۆكەخانەكانی وڵاتەکە قەدەغەكرد.

رۆژی 10.5.2023 دەنگی تەقینەوەیەك لە فڕۆكەخانەی بەغدا لەناو فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عێراقی بیسترا، دواتر لە بەیاننامەیەكدا راگەیەندرا كە هیچ كێشەیەك رووینەداوە و دەنگەكە شتێكی ئاسایی بووە.

964 زانیویەتی، رۆژێك دواتر دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی سەرجەم فڕۆكەخانەكانی ئاگادارکردووەتەوە، کە بە هەموو شێوەیەك هێنان و بردنی پاوەربانک لە لایەن گەشتیارەکانەوە قەدەغەیە.

هەردی سەمەد بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەرکوک بە 964ی وت، هەرکەس پاوەربانکی پێبێت لە فڕۆکەخانە دادەنرێت تا دێتەوە، یان دەدرێت بە کەسێکی نزیکی.

تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە ئەم بڕیارە هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.

لەوبارەیەوە، ئەحمەد وشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە 964ی وت، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەڕمییان بەدەست نەگەیشتووە بۆ قەدەغەکردنی پاوەربانک.

964 پەیوەندی کرد بە دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە 964ی وت، ئاگاداری بڕیارێکی لەو جۆرە نین.