کولە گرفتی بۆ جووتیارانی برادۆست دروست کردووە

964+
ئاسۆ وەرتی

کولەکان بوونەتە رێگر بۆ داچاندنی بەرهەمی ئەمساڵ، چاوشین حەمەد بێ تاقەت و نیگەرانە و ناتوانێت زەوییەکەی دابچێنێت.

ئەو جوتیارێکی ناوچەکەیە، کولە هەراسانی کردووە و نازانێت چۆن رووبەڕوویان ببێتەوە.

ماوەی چەند ساڵێکە هێرشی کولەکان لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە دەست پێدەکات تاوەکو کۆتاییەکانی حوزەیران بەردەوام دەبێت.

کولە چەندین جۆر و رەنگی جیاوازی هەیە، ئەو جۆرەی بووەتە هەڕەشه بۆ جوتیاران لە جۆری مسکەیە.

کشتوکاڵی سیدەکان چاوەڕێی دەرمان دەکات بۆ ئەوەی دەستبکەن بە قڕکردنیان لەبەرئەوەی زیاتر لە 15 گوندی سنورەکەی کەوتوونەتە بەر هێرشی کولەکان.

بەپێی ئاماری کشتوکاڵی سیدەکان نزیکەی هەزار جوتیار لەو سنورە کاری کوشتوکاڵی دەکەن و رووبەری شیاوی داچاندن 29,440 دۆنم زەوییە کە 12,274دۆنمیان بەراوە.

بەرهەمی هاوینەیان تەماتە و خەیار و شوتی و کولەکە و کاڵەکە، تێکڕای بەرهەمیان لەم وەرزەدا 12 هەزار تۆن دەبێت.