هەڵمەتی کوتان وێنە:+964
هەڵمەتی کوتانی منداڵان دەستیپێکرد
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە، هەڵمەتی کوتانی منداڵان لە پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد.
پزیشکێک دەلێت، پێویستە هەموو ئەو منداڵانەی کوتانیان بۆ نەکراوە، لەم ماوەیەدا بکوترێن بۆ ئەوەی بەرگری لەشیان بەهێزبێت و دووربن لە نەخۆشی.
د. بێریڤان عدنان، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر بە 964ی وت: لە ئەمڕۆوە هەڵمەتی کوتانی منداڵان دەستیپێکرد و تاوەکو 31ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کوتانەکە لەهەموو کوچە و کۆڵانەکانە، تیمەکانی بنکە تەندروستییەکان بەشێوەی مەیدانی کارەکە ئەنجامدەدەن.
وتیشی، لە ئێستادا نەخۆشی سورێژە لە نێو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە، هەموو ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە خوار پێنج ساڵییەوەیە دەبێت کوتانیان بۆ بکرێت، بە تایبەتی منداڵانی ئاوارەی کەمپەکان، ئەم هەڵمەتە بە پاڵپشتی رێکخراوی یونسێفە و ماوەی شەش مانگ جارێک یان زیاتر ئەنجامدەدرێت.
کوتانی منداڵان، لە زۆربەی بنکە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ ئەوەی منداڵ لە نەخۆشی و ڤایرۆس بپارێزرێت، بەتایبەت کوتان هۆکارێکی باشە بۆ پاراستنی منداڵ لە نەخۆشییەکانی سورێژە، كۆكەڕەشە، دەردە كۆپان و ئیفلیجی.
پێداچوونەوە: توانا نەقی