شارەوانی کوردستان دروستیکرد و شارەوانی عێراق تێکیدا
پارکی کۆرنیش لە خانەقین تێکدرا
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
بە پاساوی ئەوەی پارکەکەی کۆرنیش لە خانەقین بە زیادەڕۆ دروستکراوە، حکومەتی عێراق بڕیاری تێکدانی دەرکرد.
پارکەکە، دەکەوێتە بەشی چەپی کۆرنیشی ئەڵوەن و ساڵانێکی زۆرە پشتگوێخرابوو.
ئەو پشتگوێخستنەی بەشی چەپی کۆرنیش و تاریکی و چۆڵیەکەی وای بە شارەوانی خانەقینی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە کرد، بیکات بە پارک.
لە خانەقین، دوو شارەوانی هەیە وەک هەر دائیرەیەکی دیکەی قەزایەکە کە یەکێکیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەوەی دیکەش سەر بە حکومەتی عێراقە.
بڕیارەکە سێ ساڵ پێش ئێستا دراوە و کراوە بە پارکێکی خێزانی و شەوانە خەڵکی خانەقین بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش رووی لێدەکەن و لە ئێستادسا ژمارەیەک کۆشک لەوێ هەن کە چای و قاوە و خواردن دەفرۆشن، ئەمەش گەرموگوڕی زیاتری بە شوێنەکە داوە.
دوای چەندجارێک خستنەڕووی ئەوەی کە پارکەکە لەسەر زەوی زیادەڕۆ دروستکراوە لەلایەن شارەوانی سەر بە حکومەتی عێراق و دەرکردنی بڕیاری تێکدانی، دوێنێ شەممە 20.5.2023، بڕیاری تێکدانەکە جێبەجێکرا.
سۆران عەلی، سەرۆکی شارەوانی خانەقینی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، هەوڵەکان بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی کوشکەکان و دووبارە شادکردنەوەی خێزانەکان بە پارکەکە.
دەشڵێت: داوا لە بەرپرسان و دەستڕۆشتووەکانی شارەکەش دەکەین بۆ ئەوەی ئەم شوێنە بە رەنگینی خۆی بمێنێتەوە خێزانەکانی شارەکەی لێبێبەش نەکرێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق