“بەو میکانیزمەی ئێستا بێت لە بەهاردا خەڵکی دهۆک و زاخۆ نەوت وەردەگرن”
شەش ساڵە نەوتیان وەرنەگرتووە
+964
عەمار عەزیز
شەش ساڵە دانیشتووانی سەنتەری هەردوو شاری دهۆک و زاخۆ نەوتیان وەرنەگرتووە، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی و سامانە سروشتیەکان لە ئەنجۆمەنی پارێزگای دهۆک دەڵێ؛ ئەو پارەیەی دابینکراوە بەشی پێویستی نەوتی دهۆک ناکات، ئەگەریش دووبارە خەرج بکرێتەوە رەنگە لە بەهار یان هاوین نەوتەکە وەربگرین.
عەبدولسەمەد تێلی، سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی و سامانە سروشتیەکان لە ئەنجۆمەنی پارێزگای دهۆک بە +964ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێم بڕی 70 ملیار دیناری دابینکردووە بۆ پاڵپشتی بۆ کڕینی نەوت و، دابەشکردنی بەسەر هاوڵاتیان بە 103 هەزار دینار، ئەو بڕە پارەی پشتگیرییە بەشی 247 هەزار بەرمیل نەوت دەکات، بەڵام پارێزگای دهۆک پێویستی بە 270 هەزار بەرمیل نەوت هەیە تا هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوت وەربگرێت.
سەنتەری پارێزگای دهۆک و زاخۆ، شەش ساڵە نەوتییان وەنەگرتووە هاوشانی سەنتەری پارێزگاکانی دیکەی کوردستان، ئەگەرچی ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پلانی دابەشکردنی نەوت بۆ ناوچە شاخاوییەکان، دواتر دەوروبەری شارەکان و ئینجا سەنتەری شارەکان، بەڵام ساڵانێکە دابەشکردنی نەوت لە وەرزی زستاندا نەگەیشتووەتە ناو سەنتەری شارەکان.
“بەو میکانیزمەی ئێستا بێت بە بڕوای من ئەمساڵیش بەدەردی ساڵانی تر دەڕوات و لە بەهاردا خەڵکی دهۆک و زاخۆ نەوت وەردەگرن و نەوتەکە ناگاتە سەنتەری شار کە سەرووی ٨٠٪ـی دانیشتووانی ناوەندی دهۆک و زاخۆ شەش ساڵە یەک لیتر نەوتیان وەرنەگرتووە”. عەبدولسەمەد تێلی وای دەڵێ، ئەوەشی خستەڕوو، هەموو ساڵێک حکومەتی عیراق 50 ملیون لیتر نەوتی وەک بەشی هەرێمی کوردستان دەنارد، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا نەیناردووە.
زیاتر وتی “ئەم شێوازەی ئێستای حکومەتی هەرێم دەیکات تەنیا بۆ رازیکردنی خەڵکە، چونکە بەدواداچوونمان کردووەو دابەشکردنی نەوت زۆر بەهێواشی بەرێوەدەچێت”.