شەهلا محەمەد، لەکاتی ئاهەنگی وەرگرتنی ماستەرنامەکەی وێنە:964
نیازی گەڕانەوەی بۆ کوردستان هەیە
کچە کوردێک لە بواری دیزاینکردنی کەرەستە پزیشکییەکان ماستەری وەرگرت
964+
ژێوار خدر – راپەڕین
کچە ئەندازیارێکی کورد، لە ئەمریکا ماستەر لە بواری ئەندازیاری پلاستیک وەردەگرێت، بە تایبەت دیزاینکردنی ئەو جۆرە پلاستیکەی لە کەرەستەی پزیشکی بەکاردێت.
شەهلا محەمەد حوسێن، کچە ئەندازیارێکی خەڵکی دەڤەری راپەڕینە، ئەو لە ساڵی 2011-ەوە لە ئەمریکا دەژیت، لە ساڵی 2022 بڕوانامەی ماستەری لە بواری ئەندازیاری پلاستیکی وەرگرتووە.
ئەو بوارەی شەهلا ماستەرنامەکەی لێ وەرگرتووە، کاری دیزاینکردنی ئەو کەرەستە پزیشکییانەیە، کە لە پلاستیک دروست دەکرێن، بە تایبەت ئەو کەرەستانەی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ بەکاردێن.
شەهلا بۆ 964 قسەی کرد و دەڵێت: ئارەزووی ئەوەم هەیە بگەڕێمەوە ناوچەکەم و خزمەت بکەم، بە تایبەت ئێستا پلاستیک هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر ژیانی خەڵک، کارگەی ریسایکلین لە ناوچەکەدا نییە، بۆ ئەوەی دووبارە ئەو پلاستیکە لە بواری جیاوازدا بەکاربێنێت.
بە وتەی ئەو کچە ئەندازیارە، ئەمریکا لە بواری دیزاینکردنی پارچە پزیشکییەکان لە پاشماوەی پلاستیکی، زۆر پیشکەوتووە، لەگەڵ ئەوەدا لە بوارەکانی دیکەی وەک خانوبەرە و فڕۆکە بەکاری دەهێنن، بۆیە ئەوێی بۆ خوێندن هەڵبژاردووە، هاوکات ئەوەش دەڵێت، کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەرفەتی زۆرت پێدەدەن لەو بوارە.
شەهلا بەرلەوەی بچێتە ئەمریکا فەرمانبەری شارەوانیی ناحیەی چوارقوڕنە بووە، ئێستا هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری سوودوەرگرتن لە پاشماوە پلاستیکییەکان، بۆ دووبارە دیزاینکردنەوەی کەرەستە پزیشکییەکان.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی