دایکێک لە کەرکوک منداڵە سێ رۆژەکەی لە نەخۆشخانە جێدەهێڵێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، دایکێک منداڵە تازە لەدایکبووەکەی بردووەتە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک و بە بیانووی کڕینی دەرمان، لەوێ جێیهێشتووە و تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە.

سامان یابە، وتەبێژی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، بە 964ی وت، منداڵەکە تەمەنی سێ رۆژە و دایکی لەلای کەسێک بەجێیهێشتووە و وتوویەتی دەچێت دەرمانی بۆ دەکڕێت و دەگەڕێتەوە، بەڵام رۆیشتووە و نەگەڕاوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، منداڵەکە کوڕە و دۆخی تەندروستی جێگیرە و دایکی تەنیا بۆ ئەوە هێناویەتییە نەخۆشخانەکە، تا لەوێ جێیبهێڵێت.

کارمەندانی نەخۆشخانەکە چەند کاتژمێرێک چاوەڕوانی دایکی منداڵەکەیان کردووە و هەر نەگەڕاوەتەوە، بۆیە پەیوەندیان بە پۆلیسەوە کردووە.

تەندروستی کەرکوک ماوەی 24 کاتژمێری دیاریکردووە و ئەگەر لەو ماوەیەدا کەسوکارەکەی نەیەنەوە، ئەوە منداڵەکە رادەستی دادگا دەکەن بۆ ئەوەی خێزانێک بدۆزێتەوە و منداڵەکە بگرنە خۆیان.