زیانی گیان نەبووە
ئاگر لە قادرکەرەم کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنترۆڵنەکراوە
964+
هۆگر عەدنان
بەهۆی هەورەبروسکەوە ئاگرێکی گەورە لە گوندی نەورۆز و داربەسەرە لە ناحیەی قادرکەرەم کەوتووەتەوە، تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە.
ئاگرەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نزیکەی کاتژمێرێک پێش ئێستا، کەوتووەتەوە بەهۆی هەورەبروسکەوە، هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی داوای هاوکاری لە خەڵکی گوندەکان دەکەن.
سەرچاوەیەک لە بنکەی ئاگرکوژێنەوەی ناحیەی قادرکەرەم بەهۆی ئەوەی لێدوانیان لێ قەدەغەکراوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ تۆڕی 964 وتی، “بەهۆی ئەوەی گوندی نەورۆز و داربەسەرە نزیکەی 40 خولەک لە سەنتەری ناحیەکەوە دوورە و رێگەی گوندەکان وەک پێویست نییە و ناخۆشە، بۆیە کەمێک درەنگ گەیشتینە شوێنی رووداوەکە بەڵام بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە نەمانتوانیوە کۆنتڕۆلی بکەین و داوا لەهاوڵاتیان دەکەین هاوکارمان بن”.
حاکم سدیق باوەیی بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم بە تۆڕی 964ی وت، بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە کاتژمێرێکە نەتوانراوە کۆنتڕۆڵ بکرێت و هێزەکانی ئاگرکوژێنەوە و هاوڵاتیان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنین.
باسی لەوەش کرد، “ئاگرەکە زۆر دوورە لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر و جێگای مەترسی نییە”.
ناحیەی قادرکەرەم دەکەوێتە ناوچەی گەرمەسێر و نزیکە لە دەیان کێڵگەی غازی هەرێمی کوردستان.