لە جامی عێراق
تیپێکی فوتساڵی کچانی سلێمانی بە ناوی یانەیەکی بەغداوە یاریی دەکەن
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
تیپێکی فوتساڵی کچانی شاری سلێمانی، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پاڵەوانیەتیی جامی عێراق، نوێنەرایەتی یانەی (بیلادی) شاری بەغدا دەکەن.
عەباس فەرەج راهێنەری ئەو تیپە، تایبەت بە تۆڕی 964 وتی، پێش ئەوەی گەشتی وڵاتی فەرەنسا بکەن، یانەی بیلادی پەیوەندیان پێوە کردوون و گرێبه‌ستیان پێشکەش کردوون، تا بە ناوی ئەو یانەیەوە بەشداری جامی عێراق بکەن.
وتیشی، “ئەمه دەرفەتێکی باشە بۆ ئەو یاریزانە کچانە، تا بەهرەکانی خۆیان لە پاڵەوانیه‌تییه‌كه پیشان بدەن”.
راهێنەری پێشووی تیپی فوتساڵی کچانی یانەی سیروانی نوێ ده‌ڵێت، لە دوای وازهێنانیان لە یانەی سیروانی نوێ، هیچ یانەیەک لە شاری سلێمانی ئامادەنەبوو تیپەکەیان لەخۆ بگرێت، لە هەمان کاتیش‌دا لەلایەن چەند یانەیەکی ناوەڕاست و خوارووی عێراقه‌وه گرێبه‌ستیان پێشكه‌ش كراوه، تا له خولی عێراقدا نوێنەرایەتیان بکەن.
“هه‌موو گرێبه‌سته‌كانمان ره‌تكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام رازیبوونمان بە گرێبەستی یانەی بیلادی بۆ ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی نێوانمان دەگەڕێتەوە، کە پێشتر هەمانبووە، هەروەها ئەو یانەیە زیاتر گرنگی بە یاریزانانی ئاستی تەمەنە جیاوازەکان دەدا”، عه‌باس فه‌ره‌ج وای وت.
پاڵەوانیه‌تیی جامی عێراق بە بەشداری 10 یانە ده‌بێت و مانگی داهاتوو له دهۆك به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا