چوار ساڵە 171 رووفاتی ئەنفالکراو لە پزیشکی دادی بەغدایە
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، چوار ساڵە 171 رووفاتی ئەنفالکراوی گوندی جەلەمۆرد لە پزیشکی دادی بەغدان و هێشتا نەهێندراونەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عادل مەلا ساڵح وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ 964 وتی “ئەو رووفاتانە لە ساڵی 2019-ەوە لە تەپۆڵکەیەکی پارێزگای سەماوە بەناوی تەلشیخیە دۆزرانەوە، ئێسکوپروسکی 171 کەسی تێدابوو، کە زۆربەیان خەڵکی گوندی جەلەمۆردی سنوری چەمچەماڵن”.
بەوتەی عادل مەلا ساڵح، “لە هەرێمی کوردستان بودجەی پێویست و تەنانەت گۆڕەکانیشیان بۆ ئامادەکراوە، بەڵام بەهۆی هەبوونی کێشەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان نەتوانراوە بهێندرێنەوە”.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو رووفاتانە پشکنینی ئێسکیان بۆ کراوە، هاوکات بەگوێرەی ناسنامەی هەندێک لەو کەسانەی لەنێو گۆڕەکە بوونە سەرجەمیان خەڵکی گوندی جەلەمۆردی چەمچەماڵن.
گوندی جەلەمۆرد دەکەوێتە سنوری ناحیەی ئاغجەلەر لە قەزای چەمچەماڵ، لە مانگی ئایاری 1988 زیاتر لە %90ی خەڵکی گوندەکە ئەنفالکران.