لە کوردستان مەکینەی ئەوروپی جێگە بە مەکینەی چینی لەق دەکات

+964

رێژوان مام قادر – سلێمانی

ڤیدیۆ

مەکینەی دەستی دووی ئەورووپی بۆ ئۆتۆمبێل لە کوردستان خواستی زۆری لەسەرە، فرۆشیارانی دەڵێن جێگەی بە مەکینەی نوێی چینی لەق کردووە.

+964  دەزانێت مەکینە بەکارهاتووەکانی دەستی دوو لە وڵاتانی ژاپۆن، ئەمریکا و ئوستورالیاوە دەهێندرێنە وڵاتی ئیمارات، لەوێوە دەهێندرێنە کوردستان.

جەعفەر حەسەن عەلی، خاوەنی فرۆشگای عادل و جەعفەر بۆ فرۆشتنی پارچەی ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو لە ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی بۆ +964ـی روون کردەوە، مەکینەی دەستی دووی ئەورووپی لە ١٧٠ دۆلارەوە تا سێ هەزار و ٥٠٠ دۆلار هەیە.

“ئێمە مەکینەکان لە دوبەی تاقی دەکەینەوە و پاشان دەیهێنین، بە بەراورد بە مەکینە نوێیەکانی ئۆتۆمبێل کە لە چینەوە دەهێندرێن زۆر خواستیان لەسەرە و زۆر لەوانیش سەرکەوتووتر و باشترن”، جەعفەر حەسەن عەلی وای وت.

ئەو سکرابچییە دەڵێت، لە تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکاندا سەیری ناو مەکینەکە دەکەن و لە هەموو شتێکی دڵنیا دەبنەوە، “ئەو مەکینانەی لە ژاپۆنەوە دێن باشترین مەکینە سکرابەکانن، چونکە دڵنیاییان لەگەڵە و بەو جۆرەش دەدرێن بە کڕیار.”

ئاماژەی بەوەش دا، زۆرترین خواست لەسەر مەکینەی ئۆتۆمبێلە ئەمریکییەکانە بە هەموو مۆدێل و کۆمپانیا جیاوازەکانەوە، چونکە پێی وایە لە کوردستان مەکینەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی زووتر خراپ دەبێت.