ئەوانەی ئۆتۆمبێل دەکڕن ئاگاداری ئەم “فێڵ”ـە بن
964
دیلان محەمەد جەزا
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلی لێدراو دەهێنرێنە هەرێمی کوردستان، لە کاتی چاککردنەوەیاندا بە قسەی شارەزایان فێڵ لە هاوڵاتیان دەکرێت، بەوەی لەبری ئێرباگ، سیستمێکی دیکەی بۆ دادەنرێت و بەهۆیەوە هاوڵاتیان هەستناکەن ئەو ئۆتۆمبێلانە ئێرباگیان تیادا نییە.
شارەزایان دەڵێن، سیستمەکە گڵۆپی ئێرباگەکە دەکوژێنێتەوە.
سۆران کەمال یەکێکە لەو کەسانەی فێڵی لێکراوە لە کاتی کڕینی ئۆتۆمبێلدا، بە قسەی خۆی، دوای مامەڵەکردن بۆی دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکەی ئێرباگی تیادا نییە.
لە کاتی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی لێدراودا دەوترێت “ئێرباگەکانی ئەو ئۆتۆمبێلە سیستمکراوەتەوە”، بۆیە هەندێک لە هاوڵاتیان گوێنادەن بە پشکنین.
لە هاتوچۆی سلێمانی، هەر ئۆتۆمبێلێک بچێتە بەڕێوەبەرایەتییەکان پێویستە سەرجەم ئێرباگەکانی تیادا بێت.
هەر ئۆتۆمبێلێک پێویستە چوار ئێرباگی تیادا بێت، لەوانەش ئێرباگی بەردەم شۆفێر و ئێرباگی سەکن و ئێرباگی لاتەنیشتەکان، بۆ ئەوەی لەکاتی رووداوی هاتوچۆدا سەرجەم سەرنشینەکان پارێزراو بن.