پێنج خانوو رێگرن
تەواوکردنی شەقامە پشتێنەییەکەی کەلار کێشەی هەیە
964+
میلاد جەلال – کەلار
ماوەی چوار ساڵە پێنج خانوو رێگرن لە تەواوکردنی شەقامی پشتێنەیی کەلار، شارەوانی دەڵێت، قۆناغی قەرەبووکردنەوەیان لە کۆتاییدایە.
ئەو بەشەی شەقامەکە کەوتووەتە دیوی شارەدێی گردەگۆزینە، قۆناغی سێیەمی شەقامەکەیە.
پێشتر 11 خانوو لەسەر ئەو شەقامە بوون و شەشیان قەرەبوو کرانەوە و خانووەکانیان رووخاند، بەڵام پێنجەکەی دیکە بەو قەرەبووە رازیی نەبوون، کە بۆیان دیاری کرابوو و کەیسەکە درا بە دادگا.
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی کەلار بە 964ی راگەیاند، ئەو خانووانەش بە زەوییەکی 200 مەتری لە گەڕەکی جووتیارانی کەلار قەرەبوو دەکرێنەوە.
قەرەبووکردنەوەکە بە پێی یاسای ژمارە7ی ساڵی 2021 دەبێت، کە بریتییە لە یاسای بە خاوەنکردنی ئەو زەویانەی شارەوانی، کە زیادەڕۆییان کراوەتەسەر.
ئەگەر ئەو ماڵانە رەزامەند نەبن خانووەکانیان هەر دەڕووخێندرێت، چونکە لەگەڵ نەخشەی بنەڕەتی ناگونجێت و خانووەکانیان بەر شەقام دەکەوێت، ئەمەش وتەی بەرزان کەریمە.
شەقامی شەستییەکەی کەلار کە بە پشتێنەییەکە ناوی دەهێندرێت، ھەشت ساڵ پێش ئێستا دەست بە کارکردنی کراوە، درێژییەکەی 13.5 کیلۆمەترە، بە تەواوبوونی شەقامەکە قەرەباڵغی ناو شاری کەلار کەمدەبێتەوە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد