ئەمڕۆ دوا مۆڵەتە..

مۆلیدە دوکەڵاویەکەی کەلار لە دوکەڵ نەکەوتووە

964+

هونەر فارس – کەلار

پێنج مانگ بەسەر بڕیاری لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی کەلار تێدەپەڕێت بۆ نەهێشتنی دوکەڵ و دەنگی مۆلیدەکان کەچی هێشتا گرفتەکە چارەسەر نەبووە و لیژنەکەش دەڵێت: سبەی دوا مۆڵەتە.

نارەزایەتی هاوڵاتیان لەسەر دەنگی بەرز و دوکەڵی زۆری یەکێک لە مۆلیدە تایبەتەکان پێنج مانگ پێش ئێستا گەیەندرایە لیژنەی مۆلیدەکانی کەلار، لەگەڵ ئەوەی بەڵێنی چارەسەری درا، بەڵام بەپێی بەدواداچوونێکی 964 هێشتا مۆلیدەکە لە دوکەڵ و دەنگە بێزارکەرەکەی نەکەوتووە.

مۆلیدەکە دەکەوێتە بەرامبەر مزگەوتی شێخ ئیبراهیم لە گەڕەکی بنگرد لە سەنتەری قەزای کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان.

خالید عەبدوڵا بەرپرسی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکان، بە 964ی وت، مۆلیدەیەکی دیکەمان بە خاوەنی مۆلیدەکە دابینکردوە و بەڵێنیشی داوە چارەسەری دەنگی بەرز و دوکەڵی مۆلیدەکەی بکات، بەڵام نەمانزانیوە چارەسەری نەکردبێت.

دەشڵێت: سبەینێ دوا مۆڵەتە، ئەگەر چارەسەری نەکردبێت ئەوا ئیجرائاتی لەگەڵدا دەکەین.

پێشتریش لەسەر پرسی دەنگی بێزارکەر و دوکەڵی مۆلیدەکان، هەردی سەرکەوت وتەبێژی قایمقامیەتی کەلار قسەی بۆ 964 کردبووە کە ئاگاداریان دەکەنەوە و ئەگەریش چارەسەری نەکران ئەوا غەرامەیان دەکەین.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق