بەمجۆرە یارمەتی زمانی کوردی بدەن لە گوگڵ
964+
فەهمی نەبی
ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر کاراکردنی زمانی کوردی سۆرانی بۆ وەرگێڕانی گوگڵ، چەندین خزمەتگوزاری زیادکراون و یەکێک لەوانەی جێدەستی دیار بوو لە زیادکردنی زمانەکە دەڵێت، “هەر هەڵەیەک لە وەرگێڕان هەبوو داوا دەکەم رێکاری چاککردنەوە پەیڕەو بکەن”.
دوای ساڵێک لە کاراکردنی شێوەزاری سۆرانی بۆ گوگڵ وەرگێڕان، رەخنە لە وەرگێڕانی وشە دەگیرێت، بۆکان جاف کە یەکێکە لەوانەی جێدەستی دیار بوو لە زیادکردنی زمانی کوردی سۆرانی بۆ گوگڵ بە 964ی وت، “من یەک داوام هەیە لە خەڵک کاتێک وەرگێڕان دەکەن بۆ تێکستێک، ئەگەر هەڵەیە دوو بژاردە هەیە Like و Dislike، پەنجە بنێ بە Dislike گوگڵ پێت دەڵێت ئەگەر هەڵەیە، تۆ چی بە راست دەزانیت؟ کاتێک تۆ وشە یان رستە راستەکە دەنوسی و کلیک دەکەیت و دێتە نێو کۆمەڵەی گوگڵ و وردە وردە ئەو زانیاریانە راستدەکاتەوە”.
رۆژی 11.5.2022 لە کاتژمێر 8:08 خولەکی شەو شێوەزاری کوردی ناوەندی لەسەر وەرگێڕانی گوگڵ چالاککرا.
بۆکان جاف دەڵێت، دوای ساڵێک چەندین تایبەتمەندی لە گوگڵی وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی سۆرانی زیادکراون، لەوانە گوگڵ دۆکیۆمێنت، وەرگێڕانی لینکی سایت، وەرگێڕان لە رێگەی کامێرا گوگڵ لێنز.
لە گوگڵ دۆکیۆمێنت ئەگەر تۆ فایلێکت هەبێت بە وۆرد، دەتوانی بیبەیتە نێو گوگڵ دۆکیۆمێنت و بۆت دەکات بە ئینگلیزی یان هەر زمانێکی دیکە ئەگەر بتەوێت، لە بەشی وێبسایت بەدوای ژیاننامەی کەسێک بگەڕێیت، بە ئینگلیزی بێت، دەچیتە بەشی رێکخستن (setting) و وەرگێڕان بۆ تێکستەکە دەکەیت.
بە وتەی بۆکان جاف، لەدوای دانانی شێوەزاری سۆرانی بۆ گوگڵ، گەورەترین دەستکەوت کاراکردنی ئەو زمانەیە لەسەر گوگڵ هاوێنە (google lens)، کاتێک دەتەوێت لاپەڕەی کتێبێک بکەیتە کوردی، کامێرای گوگڵ لێنز دەکەیتەوە و لەسەر نوسینەکە رایدەگریت و بۆت دەکات بە کوردی.