ژمارەیان 700 کەسە

ئەوانەی لە رێگای وشکانییەوە دەچن بۆ حەج کێشەیان بۆ دروست نابێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەمساڵ بۆ یەکەمجار 700 هاوڵاتی هەرێم بە رێگای وشکانی دەچن بۆ حەج. حەج و عەمرەی هەولێر دەڵێت، ئەوانە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقافدان و تووشی هیچ کێشەیەک نابن.

پێشتر بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم بەردەوام هاوڵاتیانی ئاگادار دەکردەوە، لە رێگای وشکانی و بە ئۆتۆمبێلی خۆیان نەچن بۆ عەمرە، چونکە ئەگەر تووشی کێشە ببن ئەوان بەرپرسیارێتیان هەڵناگرن.

کۆتایی مانگی نیسانی رابردوو ژمارەیەک عەمرەکار لە کاتی گەڕانەوەیان لە سنووری نێوان سعودیە – عێراق رێگایان لێگیرا و بۆ گەڕانەوەیان داوای پارەیان لێکرابوو.

هەڵگورد عەبدولسەمەد، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەولێر بە 964ی راگەیاند، ئەمساڵ ئەو 700 کەسە وەک تاقیکردنەوە بە رێگای وشکانی دەنێرین و ئەگەر گەشتەکە سەرکەوتوو بێت ساڵانی داهاتوو رێژەکە زیاد دەکەین.

وتیشی، “ئەو هاوڵاتیانە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقاف بە وشکانی گەشت دەکەن و تووشی هیچ کێشەیەک نابن”.

تێچووی حەجی ئەمساڵ بە رێگای وشکانی سێ هەزار و 800 دۆلارە و بە فڕۆکەش چوار هەزار و 500 دۆلارە.

ئەگەر رێژەی زیاتری هاوڵاتیان بە رێگای وشکانی بنێردرێن بۆ حەج بارقورسییەکی زۆر لەسەر وەزارەتی ئەوقافی هەرێم لادەچێت. هەڵگورد عەبدولسەمەد وای وت.

پشکی هەرێم بۆ حەجکردن چوار هەزار و 600 کەسە.