کرێکارەکان لەبەردەم دادگای سلێمانی - وێنە: 964
دەڵێن بێهۆ دەرکراون
14 کرێکار سکاڵا لەسەر کارگەکەیان تۆماردەکەن
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
14 کرێکاری کارگەی جبزی لیز لە بەردەم دادگای سلێمانی خۆپیشاندانیان کرد و بە وتەی خۆیان، کارکەگە بێهۆ دەریکردوون و 14 سکاڵایان لە دژی تۆمارکردووە.
کارگەی جبزی لیز لە ناحیەی بازیانە و نزیکەی 1000 کارمەندی هەیە.
میرکۆ محەمەد، نوێنەری کرێکارەکان بە 964ی راگەیاند، بێ هیچ هۆکارێک پێمان وتراوە مەیەنەوە و لە کارکردن دەریانکردووین.
ئەو باسلەوەش دەکات، هەیانە دوو ساڵ و هەیانە سێ ساڵە لەو کارگەیەیە و ئێستا پێیان وتوون، کە لەژێر تاقیکردنەوەدا بوون و دەرنەچوون.
مانگی سێی ئەمساڵ نزیکەی 600 کارمەندی کارگەکە خۆپیشاندانیان کرد و بۆ ماوەی چەند رۆژێک کارکردنیان راگرت.
شانیا جەلال، کە لە ئیدارەی کارگەکە کاردەکات، ئامادە نەبوو لەوبارەیەوە هیچ لێدوانێک بۆ 964 بدات.
وتیشی، “ژمارەی بەڕێوەبەری کارگەکەشتان نادەمێ”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد