لەترسی پەتای خوێنبەربوون خەریکە حاڵەتی ئامادەباشی رادەگەیەندرێت
+964
بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربوونەوە پارێزگای زیقار خەریکە دەکەوێتە حاڵەتی راگەیاندنی دۆخی تەندروستی کتوپڕەوە، چونکە بەرپرسانی پارێزگاکە ترسیان هەیە دۆخەکە لەدەست دەربچێت.
تەنیا لەو پارێزگایە 23 حاڵەتی تووشبوون و 5 حاڵەتی مردن بەو نەخۆشییە یەکلابووەتەوە.
نەخۆشییەکە لە رێگای ئاژەڵ و مێشوولەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوەو رێژەی مردن تێیدا لە نێوان 10% بۆ 40% دایە.
دوو رۆژ لەمەوبەر سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراقی رایگەیاندبوو لەسەرەتای ئەم ساڵەوە لە عێراق 67 کەس تووشی پەتای خوێنبەربوون بوون و 10 کەسیش بەو هۆکارە گیانیان لە دەستداوە، ئاماژەی بەوەش کردبوو پارێزگای زیقار بە پلەی یەکەم هاتووەو دوای ئەوە بەسرەو موسەننا و نەجەف.
هەر بەم هۆکارە ئێستا پارێزگای زیقار هەموو نەخۆشخانەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوەو تیمە کشتوکاڵییەکانی راسپاردووە کە لە لەوەڕگەی ئاژەڵان دەرمانی قڕکردنی مارو مێروو بڕێژن.
بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ئەگەری هەڵکشانی حاڵەتەکان زۆرە، بۆیە دەبێت خەڵکی زۆر ئاگایان لێ بێت دەست لە خوێنی ئاژەڵان نەدەن و مەڕو ماڵات لە شوێنی رێپێدراو سەرببڕن و گۆشتێک نەکڕن کە مۆری تەندروستی پێوە نییە.
ساڵی پاریش کە ئەم پەتایە لە عێراق بڵاوبووەوە زۆربەی تووشبووەکان هەر لە زیقار بوو.