شەپۆلی گەرما خواستی رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێلەکانی زیادکردووە
964+
دیلان محەمەد جەزا
لەگەڵ ھاتنی وەرزی گەرما خواست لەسەر رەشکردنی جامی ئۆتۆمبێل زیاد دەکات، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەبێ مۆڵەت جام رەشکردنی قەدەغە کردووە و سزای یەک ملیۆن دیناری لەسەر داناوە.
سەڵاح محەمەد وەستای دانانی لەزگەیە و دەڵێت، لە هاویندا لەزگە لێدان زیاد دەکات، بەڵام ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت بەبێ پرس جامی ئۆتۆمبێل رەش بکەن.
بەپێی رێنمایی ژمارە 8ی ساڵی 2022ی وەزارەتی ناوخۆ، ھەر ئۆتۆمبێلێک جامی لە شەریکەوە رەش بێت، تاوەکو رێژەی 30% ئاساییە، بەڵام ئەگەر بە لەزگە رەش بکرێت لە 31% بۆ 50% ساڵانە 400 ھەزار دینار و لە 51% بۆ 80% ساڵانە 600 ھەزار دینار لە شۆفێرەکان وەردەگیرێت.
عەقید بەھمەن ئەحمەد بەڕێوەبەری ھاتوچۆی ناو شاری سلێمانی بەشی رۆژئاوا دەڵێت، دەبێت جام رەشکردن بە پرۆسە یاساییەکاندا تێپەڕێت.
ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان وا باوە کە بۆ مەبەستی دیکە جامی ئۆتۆمبێلەکان رەش بکرێت، بەڵام هەر بەڕاستی کەسانێک هەن بۆ کەمکردنەوەی تینی گەرما ئەو کارە دەکەن.