ناحیەی بەحرکە فراوان بووە و گرفتی تەندروستی هەیە

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی بەحرکە و پێداویستی دانیشتوانی بۆ نەخۆشخانەیەکی حکومی گلەییەکانی هاوڵاتیان زیاتربوون و داوای نەخۆشخانە دەکەن.

ناحیەی بەحرکە، ژمارەی دانیشتوانی زیاترە لە 150 هەزار کەسە، بەڵام تاوەکو ئێستا، هاوڵاتیان تەنیا لە دوو بنکەی تەندروستی چارەسەر وەردەگرن.

کارمەندێکی بنکەی تەندروستی بەحرکە  کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964ی وت، خزمەتگوزاری لە بنکەکەیان زۆر خراپە چەند حەب و دەرمانێک هەیە وەک چارەسەری سەرەتایی لەگەڵ پشکنینە ئاساییەکان و بۆیە ناتوانن وەک پێویست چارەسەری نەخۆش بکەن.

بنکەی تەندروستی ساکینە تۆفیق، لە 9.8.2021 لەلایەن چەند خێرخوازێک نۆژەنکرایەوە، کە مێژووی ئەم بنکەیە بۆ ساڵی پەنجاکانی سەدەی رابڕدوو دەگەڕێتەوە و تەنیا باڵەخانەکەی نوێ بووەتەوە، ئەگەر نا لە رووی خزمەتگوزاری پزیشکییەوە وەزعی زۆرخراپە.

دکتۆر هێرش سەعید، بەڕێوەبەری تەندروستی قەزای خەبات بە 964ی وت: تەنیا بنکە تەندروستییەکان لەڕووی کارگێرییەوە لەسەر ئێمەن، بنکە تەندروستییەکانی بەحرکەش بەهەمان شێوە، لەدوای ساڵی 2015 ئێمە چەند کارێکمان کردووە، لەڕووی ئامێر و خزمەتگوزاری تر، بەڵام بابەتی نەبوونی نەخۆشخانە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لێی بەرپرسە.

964لەسەر پرسی تەندروستی ناحیەی بەحرکە پەیوەندی بە دکتۆر دلۆڤان بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێرەوەکرد بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە