هاتوچۆی گەرمیان رێنمایی نوێی بۆ شۆفێران پێیە

964+

هونەر فارس – گەرمیان

بەهۆی بەرزی پلەی گەرمای گەرمیان لە هاویندا، مەترسی تەقین و گڕگرتنی بابەتە غازدارەکان هەیە، هاتوچۆی گەرمیانیش هۆشداری بەشۆفێران دەدات.

چەرخ و بۆنی جسم و ئەو پێداویستیانەی دیکە کە غازدارن، زیاتر لەو بابەتانەن کە لە وەرزی هاویندا بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە مەترسی گڕگرتنیان هەیە.

سامان عەلی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان لە رێگەی 964 وە هۆشداری بە شۆفێران دەدات کە بابەتە غازدارەکان لە ناو ئۆتۆمبیلەکانیان بەجێ نەهێڵن، چونکە بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە مەترسی تەقینی لەسەرە.

هەر لە ڕێگەی 964-وە، ئەو شۆفێرانەش ئاگادار دەکاتەوە کە تانکیەکانیان لە بانزینەوە کردووە بە غاز، ئاگاداری تانکیەکانیانبن نەوەکو لێچونی هەبێت و ببێتە هۆی رووداوی نەخوازراو.

پلەی گەرمای گەرمیان لە وەرزی هاویندا لە چاو شوێنەکانی دیکە چەند پلەیەک بەرزترە و هەندێک جار بۆ سەروی 50 پلە بەرز دەبێتەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر تەقینی بابەتە غازدارەکان و گڕگرتنی ئۆتۆمبیل هەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی