گەرمیان دروێنەی دەستپێکرد

964+

میلاد جەلال-گەرمیان

بەھۆی گەرمی کەشوھەوای ناوچەکە، جوتیارەکانی گەرمیان پێش ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان دەستیان بە دروێنەی گەنم و جۆ کردووە.

لێرە لە گوندی قادر ئاغا لە ناحیەی قۆرەتوو، جوتیارەکان دڵخۆشن کە ئەمساڵ بارانێکی زۆر باریووە، ئەحمەد عەلی جوتیارێکی ئەو گوندەیە دەڵێت، بەرھەمی ئەمساڵ قەرەبووی دوو ساڵی رابردووی بۆ کردووینەتەوە.

کشتوکاڵی گەرمیان پێشبینی دەکات بەرھەمی ئەمساڵی جوتیاران زیاتر لە 100 ھەزار تۆن بێت.

بەڕێوەبەری بەشی بەرھەمھێنان و پەسەندکردنی تۆو لە کشتوکاڵی گەرمیان، داوادەکات جوتیاران بەرھەمەکانیان لە جێگایەکی گونجاو دابنێن تاوەکو کردنەوەی سایلۆی کەلار.

بڕیارە لە 1ی حوزەیران دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بکرێنەوە، وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ ئەمساڵ لەبەرامبەر وەرگرتنی ھەر تۆنێک گەنم 850 ھەزار دیناری دیاریکردووە.

سایلۆی کەلار ماوەی دوو ساڵە کراوەتەوە، بەڵام بەھۆی نەبوونی کارمەندەوە تاوەکو ئێستا گەنمی تێدا ھەڵنەگیراوە، ئەوەی ھەیە لە دەرەوەی سایلۆکە چەند جێگایەک دروستکراوە و بەرھەمی جوتیارانی تێدا ھەڵدەگیرێت و تەنیا توانای وەرگرتنی 36 ھەزار تۆن گەنمی ھەیە.