هەشت رفێنراوی ئێزیدی رزگار دەکرێن
+964 ناوەکانیان بڵاو دەکاتەوە
+964
عەمار عەزیز
لە ٥٠ رۆژی رابردوودا، هەشت رفێنراوەی ئێزیدی رزگار دەکرێن، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رفێنراوانی ئێزیدیش دەڵێ؛ کەسوکاری رفێنراوان دڵنیا دەکەینەوە بەردەوام دەبین لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان و دۆزینەوەو رزگار کردنیان.
خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رفێنراوانی ئێزیدی بە +964ـی راگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەدا توانیمان دوو خوشک لە سوریا رزگار بکەین بە ناوەکانی عالیە خەلەف تەمەن ١٠ ساڵ و نیزاڵی خوشکی کە تەمەنی ١٣ ساڵە، هەردووکیان خەڵکی ناوچەی سوڵاغن سەر بە شنگال.
+964 دەزانێت، لەکۆی شەش هەزار و ٤١٧ رفێنراوی ئێزیدی، تا ئێستا سێ هەزار ٥٦٢ کەس رزگار کراون، هێشتا دوو هەزار ٦٩٣ رفێنراوی دیکەی ئێزیدی دەستی داعش، چارەنووسیان دیار نیە.
سەرپەرشتیاری دۆسیەی ئێزیدییە رفێنراوەکان ئاشکرای دەکات کە ١٦٢ ئێزیدی رفێنراو، بە دەستی داعش کوژراون.
“هێشتا دوو هەزار ٦٩٣ رفێنراوی دیکەی ئێزیدی دەستی داعش، چارەنووسیان دیار نیە”
بەپێی قسەی خەیری بۆزانی، سەرپەرشتی دۆسیەی ئێزیدییە رفێنراوەکانیش بێت، لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو توانراوە شەش کەسی دیکە رزگار بکرێن، ئەوانیش سەوسەن حەسەن حەيدەر تەمەن ١٤ ساڵان، رۆزا ئەمین بەڕەکات تەمەن ٢٠ ساڵ کە خەڵکی حەردانە، هەروەها وەفا عەلی عەباس تەمەن ٢١ ساڵ کە خەڵکی کۆجۆیە، مازن جردو خەلەف تەمەن ١٥ ساڵان کە خەڵکی گوندی وەردییە، روسيتا حەجی باجو تەمەن ١٦ ساڵان کە خەڵکی گوندی تل قەسەبە، جانی زياد حەيدر تەمەن ١٥ ساڵان کە خەڵکی ناوچەی سولاغه.
خەیری بۆزانی، ووتیشی”کەسوکاری رفێنراوان دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە بەردەوام دەبین لەکارەکانی خۆمان تا هەموویان رزگاردەکەین”