سەرەتا لە دهۆکەوە دەستپێدەکات
پێدانی موچە بە خێزانە هەژارەکان رەزامەندی بەغدای ماوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
پێدانی موچە بە خێزانە هەژارەکان لە پارێزگای دهۆک هەموو رێکارێکی بۆ کراوە و سێ هەزار و 200 خێزان سوودمەند دەبن، بەڵام رەزامەندی بەغدای ماوە.
موچەکە بانکی نێودەوڵەتی بە هاوکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دابینی دەکات.
بانکە نێودەوڵەتیەکە سەرەتا لە دپارێزگای هۆکەوە دەستیپێکردووە، چونکە لە چاو سێ پارێزگاکەی تر هەژارترە و هەروەها رێژەی ئاوارەکانیش لەوێ زۆرترە.
زەکییە ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ماوەی دوو ساڵ زیاترە ئێمە خەریکی ئەو کارەین و تەنها رەزامەندی بەغدا ماوە بۆ خەرجکردنی پارەکە، بەڵام تا ئێستا رەزامەندی نەداوە و دۆسیەکە وەستاوە.
وتیشی، “ئەگەر رەزامەندی بدرێت دوای ئەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی تر سەرژمێری خێزانە هەژارەکان دەکرێت و موچەیان دەدرێتێ و بەغداش دیاری دەکات بڕی موچەکە چەند بێت”.