به‌نداوێك له‌ سنوورى چه‌مچه‌ماڵ دروست ده‌كرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ به‌م زووانه‌ به‌نداوێك له‌ سنوورى ناحیه‌ى  ئاغجه‌له‌رى سه‌ر به‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ دروست بكرێت و قایمقامیش ده‌ڵێت، داواكارییه‌كه‌يان له‌ لیژنه‌ى كشتوكاڵى په‌رله‌مانى عێراق بۆ حكومه‌تى فیدڕاڵ نێردراوه‌ و چاوه‌ڕێى جێبه‌جێكردنین.

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر قایمقامی چەمچەماڵ داواکارییەکی سنووری چەمچەماڵى گەیاندە پەرلەمانی عێراق و لە سەروبەندی پەسندكردنی بودجەى عێراقدا، داوای کرد بڕەپارەیەك تەرخان بكرێت بۆ دروستكردنی بەنداو لە سنووری قەزای چەمچەماڵدا.

ره‌مك ره‌مه‌زان، قایمقامی قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ به‌ 964ـى راگه‌یاند، داواكارییەکەیان بۆ دروستكردنى ژماره‌یه‌ك پۆند و به‌نداو بوو، كه‌ سنووره‌كه‌یان پێویستى پێیه‌تى، به‌ڵام وتى، “له‌م قۆناغه‌دا ته‌نیا ره‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر دروستكردنى یه‌ك به‌نداو داوه‌، ئه‌ویش بەنداوی کانی قوباده‌ له‌ گوندى سه‌رچنار، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنوورى ناحیه‌ى ئاغجه‌له‌ر”.

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ى 964 له‌ قایمقامی چه‌مچه‌ماڵ وه‌ریگرتووه‌، له‌ سنوورى قه‌زاكه‌دا نزیكه‌ى 15 پۆندى ئاو و به‌نداو هه‌ن، كه‌ زۆربه‌یان خه‌ڵك خۆیان دروستیان كردوون و حكومه‌تیش هاوكاریان بووه‌.

قایمقام ده‌شڵێت، سنووره‌كه‌یان پێویستى به‌ دروستكردنى به‌نداو و پۆندی زیاتر هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ سنووره‌كه‌یاندا كه‌مببێته‌وه‌.