ماسی برژاو گرانبووە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

نرخی ماسی برژاو لە کەلار زیادی کردوە، فرۆشیارانی ماسیش دەڵێن بەھۆی کەمی ماسیەوەیە.

ماوەی چەند ھەفتەیەکە نرخی کیلۆیەک ماسی لە کەلار لە ھەشت ھەزار دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ 10 ھەزار دینار.

سیروان خالید، فرۆشیارێکی ماسییە لە کەلار بە 964ى وت، “ئێستا کیلۆیەک ماسی بە 10 ھەزار دەفرۆشین، ماسی لە زۆربەی حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی نەماوە لە گەرمیان ھەروەھا زیادبوونی نرخی ئاڵفی ماسی ھۆکارێکیتری گران بوونیەتی، پێشتر ھەر تۆنێکیان بە 600 ھەزار کڕیووە ئێستا بووە بە نزیکەی ملێۆنێک دینار”

لە بەرامبەریشدا بەختیار ئەحمەد بەرپرسی سامانی ئاژەڵ لە کشتوکاڵی گەرمیان، لەبارەی کەمبوونەوە و نەمانی ماسی لە حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی بە تۆڕی 964ى وت، “بەشێکی حەوزەکانی ماسی توشی نەخۆشییەکی ڤایرۆسی بوون، رێژەیەکی زۆری ماسی لەنێوچوون، ئاستی بەرھەمھێنانی بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو دابەزاند بۆ نیوە”

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دەرەوەش ماسی ھاوردە ناکرێت چونکە نرخەکەی بەرز بووەتەوە، ھەروەھا ئاڵفی ماسی لە کارگەکان نرخی بەرز بووەتەوە، ساڵانی پێشوو بە نیوەی نرخ ئاڵفمان بۆ خاوەن حەوزەکان دابین دەکرد، بەڵام ئێستا بەھۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن پاڵپشتیان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا لە وەرزی قەدەغەی راوی ماسیدان، ئەمانەش ھەموویان کاریگەریان ھەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی ماسی”.

لە گەرمیان نزیکەی 54 حەوزی بەخێوکردنی ماسی بوونیان ھەیە، ساڵانە نزیکەی 500 تەن ماسی بەرھەم دەھێنن، بەڵام ئەمساڵ رێژەی بەرھەمھێنانیان دابەزیووە بۆ نیوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی