نەورۆز لە بەرامبەر کەربەلا تووشی شکست هات

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

یانەی نەورۆز بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە بەرامبەر کەربەلا تووشی شکست هات و چوارەم یارییە لەسەریەک سەرکەوتن تۆمار ناکات.

یارییەکانی گەڕی 27 ـی خولی تۆپی پێی یانە پلە نایابەکانی عێراق دەستی پێکرد، یانەی نەورۆز لەسەر یاریگای مەلعەبەکە میوانداری کەربەلای کرد.

گێمی یەکەم یاریزانانی تیپی میوان باشتر بینران و هەوڵەکانیان بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە مەترسیدارتربوو، یانەی نەورۆز لەم نیوەیەدا دوو هەلی ئاسانی بۆ تۆمارکردنی گۆڵ لەدەستدا.

تایمی دووەم چاوەڕێ دەکرا هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی نەورۆز ئاستیان باشتر بێت، بەڵام بەهەمان شێوە کەربەلا لە هێرشە هەڵگەڕاوەکاندا هەوڵیان ئەدا بگەنە ئامانج، ئەوەبوو لە خولەکی 68 و لە هێرشێکدا نور مستەفا گۆڵی یەکەمی بەخشی بە یانەکەی.

دواتر یانەی نەورۆز هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ هاوسەنگ کردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە و یانەی کەربەلا بە گۆڵێکی بێ وەڵام سەرکەوتنێکی گرنگی تۆمارکرد، یانەی نەورۆزیش لە دوای دوو ساڵ تووشی یەکەم شکست هات لە یاریگای خۆی.

یانەکەی سلێمانی لەم وەرزەدا رووبەروی 11 شکست بووەتەوە و  بەکۆی 34 خاڵ بەشێوەیەکی کاتی لە پلەی 13 دایە، یانەی کەربەلاش بە 37 خاڵ سەرکەوتە پلەی نۆیەمی ریزبەندی.

پێداچوونەوە: توانا نەقی