هەفتانە 100 زەماوەند لەناو پارکی سامی عەبدولرەحمان ئەنجامدەدرێت

964+

فەرمان سادق

فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولرەحمان، پێنج رێنمایی بۆ بوک گواستنەوە بڵاوکردەوە. بەڕێوەبەری پارکەکەش دەڵێت: هەفتانە زەماوەندی سەرووی 70 بوک لەناو پارک ئەنجامدەدرێت.

جەمیل حسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولرەحمان بۆ 964 هۆکاری دەرکردنی رێنماییەکانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بەشێک لەو بوک و زاوایانەی زەماوەندەکەیان دەهێنن بۆ پارک، مەڕەشەکانی ناو پارک دەشکێنن و شوێنەکەش پیس دەکەن.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولرەحمان، باسی لەوەشکرد کە بارمتەی دارایی لە هیچ بوک و زاوایەک وەرناگرن لە بەرامبەر پاک راگرتنی پارک.

دەشڵێت: رۆژ هەیە 40 بوک و زاوا زەماند لە پارکی سامی دەکەن، بە گشتی هەفتانە زەماوەندی 70 بۆ 100 بوک و زاوا لەناو پارکی سامی ئەنجامدەدرێت.

فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولرەحمان لە رێنماییەکاندا داوا لە بوک و زاواکان دەکات کە پابەندی رێنماییەکان ببن.

رێنماییەکانی بوك گواستنەوە لە فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولرەحمان:
1- پێویستە مۆلەت لە فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولرەحمان وەربگیرێت.
2- ناسنامەکەت لەلای لێژنەی پەیوەندیدار بەجێبهێڵیت و دواتر پابەندی رێنماییەکان بیت و پاراستنی گشت کەلوپەلەکانی پارك.
3- سماعە و دیجەی و یاری ئاگرین قەدەغەیە.
4- هێنانی ئاو و شیرینی و خواردنەوە گازییەکان رێگە پێدراوە.
5- لە کۆتایی پەیوەندی بکەن بە لیژنەی تایبەتمەند بە فەرمانگەمان بۆ پشکنینی شوێنەکە بۆ ئەوەی دڵنیابن لە پاک و خاوێنی شوێنەکە.

سەرپێچیکردنی ئەم رێنماییانە سزای کارگێری و یاسایی لەگەڵ دەکرێت.
فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولرەحمان