لە مەلعەبەکە
نەورۆز سبەی دەیەوێت لە کەربەلا بباتەوە
+964
یادگار محەمەد – سلێمانی
تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز لەسەر یاریگەی زانکۆ، بە ئامادەبوونی گشت یاریزانان دوایەکەی مەشق و راهێنانی ئەنجام دا بۆ رووبەروبونەوەی یانەی کەربەلا و سەرپەرشتیاری تیپەکەش رایدەگەیەنێت، بۆ سێ خاڵی یارییەکە دەجەنگین.
سبەی هەینی و لەسەر یاریگەی سلێمانی، کاتژمێر چواری ئێوارە لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 27ی خولی نایابی عێراق، یانەی نەورۆز میوانداریی کەربەلا دەکات.
جێگر عەبدوڵا سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز بە تۆڕی 964 ـی وت، “ئێمە دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا بە شێوەیەکی باش یاریمان کرد و چەندان هەلی ئاسانمان لەدەست دا، ئێستا کاتی ئەوەیە بردنەوە تۆمار بکەین، بە تایبەتی لە یاریگەی خۆماندا یاریی دەکەین، کە چەند ساڵێکە لە یاریگەی خۆماندا تووشی شکست نەهاتووین.
وتیشی، هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە لە یارییەکەدا سەرکەوتووبن، تا لە ریزبەندیدا چەند هەنگاوێک بچینە پێشەوە.
ئێستا یانەی نەورۆز لە کۆی 26 یاریدا خاوەنی 34 خاڵە و لە پلەی 13ی ریزبرندیدایە، یانەی کەربەلاش بە هەمان کۆی خاڵی یانەی نەورۆز، بەڵام بە جیاوازی یاریی نێوانیان لە پلەی 12دایە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا