هەر کارگەیەک ئاوی لەدەبەنراو لە شوێنی گەرم ئەمبار بکات دادەخرێت
964+
فەهمی نەبی
قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لەمەوبەدوا هەر کارگەیەک ئاوی لەدەبەنراو لەسەرووی پلەی 25 هەڵبگرێت شوێنەکە دادەخرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، قایمقامییەتی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بۆ لەمەودوا هەر کارگەیەک بەپێی رێنمایی قایمقامییەت ئاوی لەدەبەنراوی پلاستیکی هەڵنەگرێت یان لە کاتی گواستنەوە بەبێ داپۆشتن ئاوەکە بگوازرێتەوە، ئەو کارگەیە دادەخەن.
هەڵمەتەکەی قایمقامییەتی سلێمانی، بەتەنیا بۆ کارگەکان نییە بەڵکو مارکێت و دوکانەکانیش دەگرێتەوە.
کەیوان خەلیل سەرۆکی لیژنەی کارگە و کۆگاکانی ئاو دەڵێت: لەماوەی مانگی رابردوودا، لیژنەکانیان سەردانی 62 شوێنیان کردووە و لەو ژمارەیە 17 شوێن پسوولەی سەرپێچی بۆ کراوە.
سەرۆکی لیژنەی کارگە و کۆگاکانی ئاو، ئەوەشی وتوە، لەمەوبەدوا هەر کەسێک لەکاتی گواستنەوەی ئاوی لەدەبەنراو سەری بارەکە دانەپۆشێت، بەڕیوەبەرایەتی هاتوچۆ دەستبەسەر ئۆتۆمبێڵەکە دەگرێت و خاوەنەکەشی سزا دەدرێت.