هه‌شت ساڵه‌ كه‌مترین پڕۆژه‌ له‌ قه‌ره‌داغ جێبه‌جێكراوه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ماوه‌ى هه‌شت ساڵه‌ قه‌زاى قه‌ره‌داغ به‌ سه‌نته‌ر و سنووره‌كه‌یه‌وه‌ كه‌مترین پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى لێ ئه‌نجام دراون، سه‌رۆكى شاره‌وانیش هۆكاره‌كه‌ى بۆ قه‌یرانى دارایی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و ده‌شڵێت “ته‌نانه‌ت پڕۆژه‌ى دووسایدى ناو سه‌نته‌رى قه‌زاش 80% جێبه‌جێ كراوه‌، دیاره‌ نیه‌ كه‌ى ته‌واو ده‌كرێت”.

دلیڤان عه‌لى، سه‌رۆكى شاره‌وانىی قه‌زاى قه‌ره‌داغ، به‌ 964ـى راگه‌یاند، له‌وه‌ته‌ى ساڵى 2014ـه‌وه‌ كه‌مترین پڕۆژه‌ى لاوه‌كى و ستراتیژى له‌ سنوورى قه‌زاكه‌یان جێبه‌جێكراون و وتیشی، “هۆكاره‌كه‌ی قه‌یرانى دارایی بووه‌ له‌و ساڵه‌دا”.

باس له‌ پڕۆژه‌ى دووسایدی ناو سه‌نته‌رى قه‌زاكه‌شی ده‌كات و ده‌ڵێت، له‌ ساڵى 2013 ده‌ستكرا به‌ جێبه‌جێكردنى، ماوه‌ى ساڵێك كاری تێداكرا و دواتر كاره‌كانى وه‌ستا.

وتیشی “نزیكه‌ى 80%ـى كاره‌كانى ته‌واو بووه‌، قیرتاوى یه‌كه‌میشی بۆ كراوه‌، به‌ڵام كۆتا قیرتاوكردنى و شۆسته‌ و رووناكى ماوه‌ بۆى بكرێت” .

به‌ قسه‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانیى قه‌ره‌داغ، درێژی دوو سایده‌كه‌ سه‌نته‌رى قه‌زا یه‌ك كیلۆمه‌تره‌، ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات، “بارهه‌ڵگرێكی زۆر له‌سه‌ر ئه‌و رێگایه‌دا نییه‌ ئەگەرنا تا ئێستا ته‌واوى پڕۆژه‌كه‌ تێكده‌چوو”.

روونیكرده‌وه‌، ئێستا بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هیچ ئاسۆیه‌ك دیار نیه‌ كه‌ كه‌ى ته‌واو ده‌كرێت، ده‌شڵێت “ماوه‌یه‌كه‌ ته‌واوكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ دراوه‌ته‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى، به‌ڵام دیار نیه‌ كه‌ى ده‌ست به‌ ته‌واوكردنه‌كه‌ى ده‌كه‌ن”.

دلیڤان عه‌لى، باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌وه‌ته‌ى ساڵى 2014 چه‌ندین پڕۆژه‌ى دیکە هه‌ن له‌ سنوورى قه‌زاى قه‌ره‌داغ كاریان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و ده‌رخسته‌شیان بۆ كراوه‌، له‌وانه‌ش دووسایدى سه‌نته‌رى قه‌زا له‌گه‌ڵ جافه‌ران و له‌گه‌ڵ دوو سایدێكی تریش هه‌ر له‌و سنووره‌ و پڕۆژه‌ى ئیفرازكردنه‌كانى زه‌وى 70%ى كاره‌كانى ته‌واو كراوه‌ و وه‌ستاوه‌، پڕۆژه‌ى دروستكردنى كۆمه‌ڵگه‌ى حكومى وه‌ستاوه‌، پڕۆژه‌ى دروستكردنى قوتابخانه‌یه‌كى 12 پۆلی ئه‌ویش وه‌ستاوه‌.

قه‌ره‌داغ، قه‌زایه‌كه‌ له ‌سنوورى پارێزگاى سلێمانییه‌، به‌ سێ ناحییه‌كه‌یه‌وه‌ نزیكه‌ى 60 گوند له‌ سنووره‌كه‌یه‌تى.