32 ساڵە 23 گوندی گەرمیان لە چاوەڕوانی کارەبای نیشتمانی دان

964+

هونەر فارس – گەرمیان

بەشێک لە گوندەکانی گەرمیان بێکارەبان، کارەبای گەرمیانیش ئۆباڵی ئەو گوندانە دەخاتە ئەستۆی کۆمپانیاکان.

ساڵی 2023ـیە تا ئێستاش دانیشتووانی 23 گوندی گەرمیان کارەبای نیشتمانیان پێ نەگەیشتووە و لەبەر چرا رۆژ دەکەنەوە.

گوندە بێ کارەباکان دەکەونە سنووری هەر سێ قەزای کەلار و کفری و خانەقین.

ئەمین قارەمان، دانیشتوویەکی گوندی قولیجانییە بە 964ـی وت، تەنیا چوار کیلۆمەتر لە کارەبای نیشتمانیەوە دوورین، بەڵام تا ئێستا سفتاحمان لێ نەکردووە.

بە وتەی دانیشتووی ئەو گوندە، پێشتر مۆلیدەیەکیان بۆ دابینکرا بوو، بەڵام ئەویش خراپ بووە و چاک نەکراوەتەوە، ماڵەکانیش بۆ ئاودانی ئاژەڵ و کاتی خوانی ئێوارە مۆلیدەی خۆیان ئیش پێدەکەن، دواتر دەیکوژێننەوە و گوندەکە تاریک دادێت و مەجبوری چرا دەبنەوە.

هەرچەند دەرخستە بۆ تێچووی کارەبای گوندەکان کراوە و بودجەیشی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام بە وتەی ئالان ئەرکان وتەبێژی کارەبای گەرمیان بۆ 964، دوای دووجار بانگەواز، تا ئێستا هیچ کۆمپانیایەک ئامادە نەبووە ئەرکی راکێشانی کارەبای نیشتمانی بەو گوندانە، لە ئەستۆ بگرێت.

لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا 20 گوندی گەرمیان کارەبای نیشتمانیان پێگەیشتوە، بڕی سێ ملیار و 521 ملیۆن دیناریش بۆ راکێشانی کارەبا بەو 23 گوندە تەرخانکراوە و چاوەڕێن کۆمپانیایەک بێت و کارەکان ئەنجامبدات.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق