داخستنی رێگای بارهەڵگرەکان چەندین کارگەی بێکار کردووە

964+

مەجید بتوێنی – رەپەڕین

کڕیارەکانی چاوەڕێی ناردنی بلۆکی لێ دەکەن، ئەویش چاوەڕێی کردنەوەی رێگاکانی هەولێر سلێمانی دەکات بۆ بارهەڵگرەکان

مستەفاعەزیز، یەکێکە لە خاوەن کارگەکانی بەرهەم هێنانی بلۆک لەدەڤەری راپەڕین باس لەوەدەکات ماوەی هەشت رۆژە بەهۆی خۆپیشاندان و داخستنی رێگاکان بەرهەم هێنانی بلۆکیان راگرتووە و زیان بە کارگەکانی بلۆک کەوتووە.

رۆژانە دەیان کرێکار لەم کارگانە کاردەکەن، جێگر دەرچوویەکی دانەمەزراوە و هاتووە لەم کارگەیە کاردەکات دەڵێت، وابڕوات بێکار دەمێننەوە و پێشتر 15 کرێکار لەم کارگەیە کاری دەکرد ئێستا پێنج کرێکار ماونەتەوە.

هەر زیان بە خاوەن کارگە و کرێکارەکان نەگەیشتووە، شۆفێرێکی بارهەڵگر دەڵێت بەشێک لەشۆفێران بێکار بوونە و ئەوانەی کاردەکەن تەنیا بلۆک بۆ ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی دەبەن.

بەهۆی گونجاوی سروشتی خاکەکەی و زۆری رووبار و لقە رووبار، زیاتر لە 100 کارگەی بلکۆک و 20 کارگەی تری کەسارە و غەسالە لە دەڤەری راپەڕین بوونی هەیە.

پێش داخستنی ڕێگاکان لێرە ڕۆژانە 24 هەزار بلۆک بەرهەم دەهات و بۆ شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان باردەکرا، ئێستا کارکردن لەم گۆرەپانە وەستاوە نزیکەی 700 هەزار بلۆک ئامادەیە بۆ گواستنەوە، بەڵام بەدەستی وەستاکانی دیوار ناگات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی